وتاری هەینی دەکرێتە 20 خولەک
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، سەرۆکی لیژنەی بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف راگەیاند: "لە ساڵی 2016 ـەوە لە دوای کۆنفرانسی بەرەو وتاری هاوسەنگ، 16 راسپاردە چەسپا، کە یەکێکیان ماوەی وتاری هەینی بوو و ماوەکەش بە 20 خولەک دیاریکرا و لە 10-4-2017 جێبەجێکرا، بەڵام هەندێک جار مامۆستایان وتارەکانیان درێژترە".
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، هەندێک لە هاونیشتمانیان هانایان بۆ هێناون سەبارەت بە درێژی وتاری هەینی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی، ئەوانیش بۆ بیرخستنەوەی وەکو رێنمایی ناردوویانەتەوە کە وتارەکانیان دەبێت 20 خولەک بێت.
لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی ناوەڕۆکی وتاری هەینییەوە، شێخ ئیبراهیم گوتی: "بۆ دیاریکردنی ناوەڕۆکی وتارەکان، دوو لیژنەمان هەیە، لیژنەی وتار لە 6 مامۆستا پێکدێت کە هەر مامۆستایەک ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵیان هەیە لەگەڵ لیژنەی تەکنیکی".
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، وتارەکان "بە پشتبەستن بە رۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی رۆژە جیهانییەکان، رۆژژمێری نیشتمانی بۆنە نەتەوەییەکانی کورد، رۆژژمێری ئایینی بۆنە ئایینییەکان، هەندێک جاریش رووداوە نەخوازراوەکان و تەشهیر و ناوزڕاندن، ئەگەر ببێتە باسی ناو هاونیشتمانیان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وتارەکان دیاری دەکەین و رۆژانی سێشەممان بڵاودەکرێنەوە بۆ مامۆستایان، کە وتارەکانیان لەسەر چی بابەتێک بێت".
