سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کەسایەتی و پیاوماقووڵانی پارێزگای بەسڕە کرد
شاندی میوان وێڕای دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵییان بە دیدارەکە، سڵاو و ڕێزی خەڵکی پارێزگای بەسڕەیان بە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان گەیاند و جەختیان لە سۆز و خۆشەویستیی خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کردەوە.
هەروەها ئاماژەیان بە پەیوەندیی برایانە و لەمێژینەی خەڵکی بەسڕە لەگەڵ گەلی کوردستان کرد و ڕایانگەیاند کە هەر ئەو سۆزەی بووە هۆی ئەوەی دەیان هەزار کەسی خەڵکی بەسڕە لەکاتی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە بۆ پێشوازییکردنیان لە چاوەڕوانیدا بوەستن، ئێستەش هەمان سۆز و خۆشەویستی بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان هەیە و دەیانەوێ ئەو برایەتییە لەمێژینەیە زیاتر پەرە پێ بدرێت.
شاندی میوان هەروەها بانگهێشتی سەرۆک بارزانییان کرد کە لە دەرفەتێکی گونجاودا سەردانی ئەو پارێزگایە بکات.
هەر لە دانیشتنەکەدا، شاندی میوان باسیان لە گرفت و کێشەکانی تایبەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەسڕە کرد و هیوایان خواست ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بگاتە ناوچەکانی دیکەی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد لە ڕێگەی وەزیر و نوێنەرانی کورد لە بەغداوە هەوڵ بدەن پڕۆژەی ئاواکاری و نیشتەجێکردن لە پارێزگای بەسڕە جێبەجێ بکرێن و کێشەکانی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکرێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانەی گەلی کوردستان و خەڵکی بەسڕە و سەرجەم خەڵکی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زۆر هەوڵیان دا کێشەی نێوان شۆڕشی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق بکەنە کێشەی کورد و عەرەب بەڵام شۆڕش ڕێگەی بەوە نەداوە.
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای بەسڕە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئێمەش ڕێز و سۆزێکی زۆرمان بۆ خوشک و برایانمان لە بەسڕە هەیە و جێی سەرسوڕمانە پارێزگایەکی وەک بەسڕە کە شادەماری ئابووریی عێراقە کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ پشتیوانیی داوا ڕەواکانی خەڵکی بەسڕە درێخی ناکەین.
هەر لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێستە کەشێکی ئیجابی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەری کێشەکان لەئارادایە و جەختی لە دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتیانە کردەوە.
باسنيوز
