لەبارەی دابەشكردنی نەوت زانیاری دەخرێتە ڕوو

لەبارەی دابەشكردنی نەوت زانیاری دەخرێتە ڕوو
جێگری سەرۆكی لێژنەی نەوت و كانزاكان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، كاری جدی لەسەر دابەشكردنی نەوت بۆ ناوچە شاخاوییەكان كراوە و بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

عیماد ڕەفعەت، جێگری سەرۆكی لێژنەی نەوت و كانزاكان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕايگەیاند: “ئەمڕۆ ٢٨ی ٨ی ٢٠١٩ لێژنەكەمان لەگەڵ بەرپرسانی دابەشكردنی نەوت لە هەولێر كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و مەبەست لە كۆبوونەوەكەش دابەشكردنی نەوتی سپییە".

جێگری سەرۆكی لێژنەی نەوت و كانزاكان ئەوەشی خستە ڕوو ئەگەر هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوتی پێ بدرێت، ئەوا دەبێ بڕی ٢٥ ملیۆن لیتر نەوتمان پێویست دەبێت.

هێمای بۆ ئەوە كرد هەوڵ لەلایەن نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەیە، تا پێش ١٥ی ٩ی ٢٠١٩ نەوتی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ كارەكان بە سستی بەڕێوە دەچن و گەشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نەوتی سپی بەسەر ناوەندی شاردا دابەش ناكرێت، تەنانەت بۆ مزگەوت و قوتابخانەكانیش نەوت دابین ناكرێت.

عیماد ڕەفعەت هۆكاری دابەشنەكردنی نەوتی بەسەر ناوەندی شاردا بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە عێراق بڕەكە دابین ناكات و هەرێمی كوردستانیش ئەو بڕە نەوتەی نییە.












باسنيوز
Top