له قه‌ڵادزێ ژنێك خۆی سووتاند و گیانی لەدەست دا
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 28/8/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: "كاتژمێر 10 و 15 خوله‌كی شەوی ڕابردوو 27/8/2019، ژنێك به‌ناوی (م، ع، ر) له‌دایكبووی ساڵی 1983 پیشه‌ی ژنی ماڵ، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئاشتیی قه‌ڵادزێ، له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه به سووتاوی گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه‌ی گشتی".
باس له‌وه‌ش كراوه: "به وته‌ی دایكی، نه‌وتی به‌خۆیدا كردووه، دواتر ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه، چونكه باری ده‌روونی ناجێگیر بووه و چه‌ند جارێكیش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر براوه‌ته لای پزیشك، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی پزیشكیی نه‌خۆشخانه، ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌ی زۆره، دوای چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی و به‌هۆی سه‌ختیی برینه‌كه‌یه‌وه بۆ سلێمانی به‌ڕێ كرا، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانه‌کەشی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەست دا".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه، په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه.
باسنيوز
