وەزیری خوێندنی باڵا: هەوڵی ڕیفۆرم لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکان دەدەین
ئارام محەمەد، لەبارەی گرنگیی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم و یەکخستنی پرۆگرامی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانەگەکانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا گوتی: "زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکان شانبەشانی زانکۆکانی دیکە لەپێناو ڕیفۆرم و گۆڕانکارییەکان بێگومان دەوری کاریگەریان دەبێت و بۆ ئەمەش دەبێ زانکۆکانمان پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی لە هەرێمەکەمان دەبێط، بۆیە پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و گەشەکردنی هەرێمەکەمان هەیە کە توێژینەوەی زانکۆکان لەمبارەوە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی: "ۆێویستە میکانیزمی نوێ بۆ قووڵترکردنەوە و چەسپاندنی کولتووری کوالێتی لە سیستەمی زانکۆکانمان دابڕێژین و زۆر گرنگە هەموو بەشەکانی زانکۆکانمان جیا لە گەیاندنی زانست، هەوڵ بدەن ماوەی خوێندن بە باشی بەکار بهێنن بۆ دروستکردنی کارامەییەکانی خوێندنی بە درێژایی ژیان و توانای داهێنان و فێربوون و زمانی دووەم بخەنە گەڕ".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لەگەڵ هاوکارەکانم لە وەزارەتی وردەکاریی ئەجێندای پرۆژەی ڕیفۆرمەکەتانم دیراسە کردووە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم و پشتیوانی لە هەموو هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە دەکەم، بەتایبەت ڕیفۆرمی پەیکەری خوێندنی تەکنیکی و داڕشتنەوەی ئاستی بڕوانامەکان و درێژەدان بە ڕیفۆرمی سیستەمی پرۆگرامەکانی خوێندن".
باسنیوز
