پەروەردە: ئاستی هەندێ قوتابخانەی ئەهلی زۆر نزمە و دادەخرێن
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نزمیی ئاستیان، هەندێک قوتابخانەی ئەهلی دادەخات.
بورھان ئەرگۆشی، ڕاوێژكاری وەزارەتی پەروەردە، رایگەیاند، لێژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە بە سەرپەرشتیی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، پێداچوونەوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەکانی ساوایانی ئەھلی دەکات.
بورهان ئەرگۆشی هەروەها رایگەیاندووە، ”بەداخەوە ئاستی هەندێک قوتابخانەی ئەهلی زۆر زۆر نزمە“ لێژنەکە بڕیاری داخستنیان دەدات و مۆڵەتەکەیان هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی پەروەردە، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی داوە، ئاماژەی بە چارەنووسی ئەو قوتابییانەی قوتابخانەکانیان دادەخرێت داوە و رایگەیاندووە، ”مافی قوتابیانی خۆشەویست پارێزراو دەبێت و ھیچ مەترسییەك بۆ سەر پاشەڕۆژی ئەو قوتابیانە نابێت“.
باسنیوز
