هەسەدە لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێتەوە
میدیاکانی نزیک له بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر بڵاویان کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە تونێلەکانی بەرگرییان لە رۆژهەڵاتی "گرێ سپی" لە ناو بردووە و سێیەم کاروانی هێزەکانیشیان لەو ناوچەیە کشاونەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەسەدە و یەپەگە هێزەکانیان لە ناوچەکانی "قونەیتەرا، حەشیشە و بیرشوان" کشاندووەتەوە.
خەلیل خەلەفۆ، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی گرێ سپی رای گەیاندووە: "کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە بە گوێرەی رێککەوتنی تورکیا و ئەمریکایە و ئەنجومەنەکەشیان بۆشایی ئەمنی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە پڕ دەکەنەوە".
ههر لهو چوارچێوهیهدا، زێدان عاسی، هاوسەرۆکی نووسینگەی بەرگری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر روونی کردووەتەوە؛ لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا دەستیان بە جێبەجێ کردنی خاڵەکان کردووە.
هەر لەمبارەوە ئاژانسی (ئەسیەوشیەیتێدپرێس) بڵاوی کردووەتەوە کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە لە سنوورەکانی تورکیا لەڕاستی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیایە و لەپێناو دامەزراندنی ناوچەی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات.
ئەو سەرچاوەیە لەزاری بەرپرسانی کورد لە ڕۆژائوای کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ بە کردەیکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە و لە ڕۆژانی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و ئەم هەوڵانە ئەرێنین لەڕاستای دابینبوونی ئاسایش لەو ناوچانه.
باسنيوز
