له قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی بایۆمه‌تریدا بڕیار له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانەوە ده‌درێت كه دوو مووچه وه‌رده‌گرن
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاریی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هیوا ئه‌فه‌ندی، گوتی: "ئاماده‌كاریی ته‌واو بۆ ئه‌نجامدانی قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری له هه‌رێمی كوردستان كراوه و ئێستاش چاوه‌رێی فه‌رمانی سهرۆكوهزیرانین بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمان بكات و ئێمه‌ش ده‌ست به پرۆسه‌كه بكه‌ین، چونكه ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه پێویستی به فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران هه‌یە."
هیوا ئه‌فه‌ندی گوتی: "له قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی بایۆمه‌تریدا ژمێریارییه‌كان ده‌بنه ئه‌لكترۆنی و ئه‌و داتابه‌یسه‌ی هه‌یە پێویسته به‌كاری بهێنیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانی ناوی دووباره كێن، بۆیه ئه‌و ناوانه‌ی له قۆناغی یه‌كه‌م وه‌رگیراون له قۆناغی دووه‌م بڕیاریان لێ ده‌درێت، بۆیه كۆمه‌ڵێك چاكسازی له خۆی ده‌گرێت، وه‌كو ئه‌وانه‌ی دوو مووچه‌یان هه‌یه و نایاسایییه و ئه‌وانه‌ی به نایاسایی خانه‌نشین كراون و چه‌ند خاڵێكی دیكه‌ش."
ئه‌فه‌ندی باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت كه چیتر وه‌ره‌قه به‌كار ناهێندرێت و هه‌مووی ده‌بێته ئه‌لكترۆنی و دووه‌م میلاكاتیش ده‌بێته ئه‌لكترۆنی و گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ش ده‌بێته ئه‌لكترۆنی."
ئه‌فه‌ندی گوتیشی: "كاری باش بۆ بنبڕكردنی پرسی دوومووچه‌یی له هه‌رێمی كوردستان كراوه و له قۆناغی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی بایۆمه‌تریدا هه‌موو ناوه‌كان دیاری كراون و له‌م قۆناغەدا بڕیاریان لێ ده‌درێت كه ئه‌ویش پێویسته بڕیارێكی یاسایی بێت و په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، چونكه هه‌ندێك دوو مووچه‌یی هه‌یه به ناوی یاسایی و پێویسته ئه‌وانه هه‌موویان چاره‌سه‌ر بكرێن."
kdp -
