ڕێگای سنووری زێت تەواو كرا

ڕێگای سنووری زێت تەواو كرا
قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر دەڵێ، ڕێگای سنووری زێت، كە درێژییەكەی دەگاتە 13 كیلۆمەتر تەواو بووە و مەرحەلەی داهاتوو دروستكردنی كەمپ و تێكەڵەڕێژكردن و قیركردنی ڕێگاكە دەبێت. ئەو سنوورە گرنگییەكی زۆری دەبێت، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی گەشتیارییەوە.

هەرێمی كوردستان و توركیا ئێستا لە ڕێگەی هەردوو دەروازە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل و سەرزێڕێوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەكەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە. مێرگەسۆر‌یش دەبێتە خاڵی بەیەكگەیشتنی هەولێر و هەكاری. ئەو ڕێگایە لە 15-8-2018 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە ‌و گوژمەی پێویستیشی بۆ تەرخان كراوە.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر، ڕاگەیاند: "كردنەوەی ڕێگای سنووری زێت تەواو بووە، مەرحەلەی داهاتوو دروستكردنی كەمپە و چاوەڕوانی دابینكردنی بودجەین، كە دەست بە دروستكردنی قەنتەرە و تێكەڵەڕێژكردنی ڕێگاكە بكەین تا دەگاتە مەرحەلەی قیر. درێژیی ڕێگاكە 13 كیلۆمەترە و هەموو هەوڵێكی خۆیشمان دەدەین كە لە زووترین كاتدا تەواوی بكەین."

قایمقامی مێرگەسۆر ڕوونیشی كردەوە: "ئەو سنوورە گرنگییەكی زۆری دەبێت، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی گەشتیارییەوە. ئەگەر جموجووڵی بازرگانی لەو سنوورەدا بكرێت، كاریگەریی لەسەر ئابووریی كوردستان دەبێت، كار بۆ خەڵكی سنووری قەزای مێرگەسۆر و بووژانەوەیەكی ئابووری لە ناوچەكەدا پەیدا دەكات. لە لایەنی گەشتیاریشەوە دەتوانین سوودێكی زۆری لێ ببینین، خەڵك دەتوانن بە ئاسانترین شێوە بگەنە وڵاتی توركیا و بە پێچەوانەشەوە، چونكە یەكەم دەروازەی فەرمیی سنووری پارێزگای هەولێرە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیادا".

kdp -
Top