بۆ تاپۆکردنی 300 هەزار خانووی زێدەڕۆ پرۆژە پێشنیارێک لە پەرلەمانە
ماددەکانی پرۆژە پێشنیازکراوەکە 12 ماددەن و بڕیار درا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ.
نزار مەلا عەبدولغەفار، بڕیاردەری لیژنهی شارهوانیی پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، پێشنیازی یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، گوتی: "لە پرۆژە پێشنیازکراوەکەدا جەخت كراوەتە، ئەو خانووانەی تاوەكوو مانگی شوباتی 2018 لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون، تاپۆ بکرێن”.
روونیشی كردەوە، لە پڕۆژەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆیی دروست كراون، تاوەكوو 12ی 2ی 2018 دەگرێتەوە، گوتی: "دەمانەوێت پێداچوونەوەیەك بكەین بۆ ئەوەی ئەوانەی دوای شوباتی 2018 دروست كراون بگرێتەوە، بۆ ئەوەی كێشەكە بەتەواوی چارەسەر بكرێت".
ئەو ئاشكراشی كرد: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی شارەوانی پێمان دراوە، بە پێی قەبڵاندن، زیاتر لە 300 هەزار خانووی زێدەڕۆیی لە هەموو پارێزگاكان دروست كراون، بۆیە بەدڵنیاییەوە پڕۆژەكە ببێتە یاسا، خەڵكێكی زۆر سوودمەند دەبن".
بڕیاردەری لیژنهی شارهوانی لە پەرلەمانی کوردستان راشی گەیاند، لە 184 شارەوانی لە كوردستان، زیاتر لە 30 شارەوانی ماستەرپلانیان هەیە، ئەوەی تر ماستەر پلانیان نییە و بە زێدەڕۆیی دروست كراون، گوتیشی: "لە ماوەیەكی كەمەدا یاساكە دەردەچێت، پڕۆژەكە ئێستا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانە، ئەویش بۆ حكوومەتی دەنێرێت و لە ماوەی كەمتر لە 30 رۆژ، حكوومەت وەڵاممان دەداتەوە، یاساكە گرنگە، چونكە هەموو شتەكان رێك دەخاتەوە و رێگر دەبێت لە زێدەڕۆیی، هاووڵاتی و حكوومەت سوودمەند دەبن لێی و ماستەرپلانیش بەهۆیەوە دادەندرێت".
بەپێی پرۆژەیاساکە، تاپۆکردن لە سەنتەری شارەکان بۆ هەر یەک مەتر زەوی 60 هەزار دینار وەردەگیرێت، لە سنووری قەزاکان 40 هەزار دینار و لە سنووری شارۆچکەکانیش 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەكات، لە خوێندنەوەی دووەمدا دەستكاریی ئەو نرخانە دەكرێت.
عەبدولحەمید مەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی رايگەیاند، پشتیوانی لەو پڕۆژە یاسایە دەكەن، گوتی: "لە سنووری هەموو شارەوانییەكان لە كوردستان، زێدەڕۆییەكی زۆر كراوەتە سەر زەویی شارەوانی، بە تایبەت لەدوای شەڕی داعش، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، لە رێگەی یاساوە ئەو دۆسێ گرنگ و ئاڵۆزە یەكلایی بکرێتەوە".
باسنيوز
