میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران رێك دەخرێتەوە

میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران رێك دەخرێتەوە
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە رۆژی 19ی 8 دەرچووە و ئاماژە بە رێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران كراوە.

لەو نووسراوەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، بڕیار دراوە لیژنەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان پێك بهێندرێت.

لیژنەكە لە چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی سەرجەم پەروەردەكان پێكهاتووە.

جەلال هەمزە كاكەشین، ئەندامی لیژنەكە و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردە رايگەیاند، ئامانجی لیژنەكەیان رێكخستنەوەی میلاكاتە، گوتی: "زانیاری هەیە لە هەندێك قوتابخانە مامۆستا و فەرمانبەر زۆرە و لە هەندێك شوێنی تر كەمە و پێویستیان بە میلاكاتە، ئامانجی ئێمە لە لیژنەكە دابەشكردنەوەی میلاكاتە".

روونیشی كردەوە، دوای رێكخستنەوەی میلاكات، بۆیان روون دەبێتەوە چەند مامۆستا و چەند بەشە وانە و چەند فەرمانبەر هەیە و پێداویستییەكان چین بۆ داهاتوو، گوتیشی: "پڕۆسەكە تەنیا مامۆستایان ناگرێتەوە، بەڵكوو فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە، بەتایبەت پاسەوان و خزمەتگوزار".

رەتیشی كردەوە ئەوەی دەوام نەكات لەناو سەرنتەری شارەكان دوور بخرێتەوە بۆ دەرەوەی شارەكان، گوتیشی: " لە وەزارەتی پەروەردەدا بندیوار زۆر كەمە، تەنیا كێشەی دابەشكردنەوەی میلاكمان هەیە، لە گوندەكان ژمارەی پاسەوان و خزمەتگوزار بە جۆرێك زۆرە، لە هەندێك گوند ژمارەیان لە مامۆستایان زیاترە".

میلاكی وەزارەتی پەروەردە 165 هەزار كەسە، كە نزیكەی 123 هەزاریان مامۆستان.
كاكە شین ئاشكراشی كرد، لەنێو سەنتەری شارەكاندا، ژمارەی مامۆستای وانە زانستییەكان لە بیركاری و فیزیا و زیندەوەرەزانی كەموكوڕییان هەیە، دەشڵێت: "كێشەكە زیاتر لە قۆناخی ئامادەییە، بەڵام لە قۆناخی بنەڕەتی كەموكوڕییەكە پەیوەندیی بەوەوە هەیە، لە هەندێك قوتابخانە مامۆستا زۆرە و لە هەندێكی تریش كەمە، دەمانەوێت ئەوە چارەسەر بكەین".

ئەو، كە بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیی پەروەردەییە، دووپاتی كردەوە، بۆ چارەسەركردنی كەمیی مامۆستا، پێویستیان بە دامەزراندنی تازە هەیە: "پێویستمان بە دامەزراندن هەیە، چونكە لە ساڵی 2014وە تەنیا 4 هەزار مامۆستا بە گرێبەست دامەزرێندراون و هیچ كەسێك بە هەمیشەیی دانەمەزرێندراوە، لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا ژمارەیەكی زۆری مامۆستا خانەنشین بوونە، یان وازیان هێناوە و قوتابخانە و قوتابییانیش زۆر بوونە، بۆیە زۆر پێویستمان بە دامەزراندنی تازە هەیە".

جەختیشی كردەوە، دوای تەواوكردنی كارەكانیان، لیژنەكە راپۆرتێك بە وەزیری پەروەردە دەدات.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رای گەیاند، پشتگیری لەو هەنگاوانە دەكات، كە بۆ رێكخستنەوەی میلاكات دەگیرێنە بەر، گوتی: "پشتگیریی وەزارەت دەکەین بۆ رێكخستنەوەی میلاكات، بەڵام دەبێت لە كاتی رێكخستنەوەكەدا، مافی مامۆستایان پارێزراو بێت و بڕیارێك بدرێت بۆ خزمەتی پەروەردە بێت".











باسنيوز
Top