ڕێبەر ئەحمەد: پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕۆڵی گرنگیان لە بەرگریی لە کوردستان گێڕاوە

ڕێبەر ئەحمەد: پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕۆڵی گرنگیان لە بەرگریی لە کوردستان گێڕاوە
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی دەرچوونی مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگەی زیرەڤانی لە وتارێکدا ڕۆڵی پێشمەرگەی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی٨ی٢٠١٩ لە هەولێر خولێکی مەشق و ڕاهێنانی ٤٥٠ پێشمەرگەی هێزەکانی پێشمەرگەی زیرەڤانی، لەژێر ناوی شەهیدی فەرماندە عەمید ئەسکەندەر گەردی کۆتایی پێهات و تێیدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی وکردستان لە وتارێکدا گوتی: "باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەپێدانە بە ڕێبازی پیرۆزیان و خۆڕێکخستن و خۆسازدانە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئاسوودەییدا بژین".

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ساڵانی ڕابردوودا لە پرۆسەی بەرگریکردن لە کوردستان لە بەرانبەر دوژمناندا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە".

ڕێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کرد: "بێگومان دەبێ ڕاهێنان و فێربوون ببێتە کولتووری زاڵ بۆ پێگەیاندنی پێشمەرگە و ئاشناکردنی بە هونەرەکانی جەنگ، بەتایبەت لەم سەردەمە کە شێوازەکانی شەڕ گۆراون".

ڕاشی گەیاند: "هێزەکانی فەرماندەیی زێرەڤانی شانبەشانی برا پێشمەرگەکانی دیکە لە تەواوی یەکە و فەرماندەییەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە شەڕەکانی دژ بە داعش و بەرگریکردن لە کوردستان و دەبێ لە داهاتوودا ئاشنایەتیی زیاتری لە هەموو بوارەکانی شەڕدا هەبێ و داوای هەماهەنگیی زیاتر لە هێزی هاوپەیمانان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین".

ڕێبەر ئەحمەد ڕاشی گەیاند: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بەهێزە، بۆیە دەبێ زۆر وشیار بین و هەموو ڕێکارێک بگرینە بەر.










باسنيوز
Top