شاندێکی باڵای عێراق سەردانی هەولێر دەکات
بڕیارە شاندەکە رۆژی چوارشەممە 28-8-2019، بە سەرۆکایەتیی یاسین یاسری، وەزیری ناوخۆی عێراق، سەردانی هەولێر بکات.
لەمبارەوە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "شاندەکەی بەغدا شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و لەسەر هەندێ پرسی ئەمنی و سەربازی و ناوچە کوردستانییەکان و پرسی پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و باری کەسێتی و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: "پاش ئەم سەردانەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمەش چاوەڕوانیی ئەوەمان لە حکوومەتی بەغدا هەیە کە لێژنە و تیمەکان کە پێکهێندراون بێن و لەسەر کۆی ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، گفتوگۆی جدییان لەبەوە بکەین".
ئێمە ماوەیەکە تیم و شاندەکانی خۆمان ئامادە کردووە و بڕیارە ئێمەش سەردانی بەغدا بکەین و هەرکات ئەوان ئاماد بن، ئێمەش ئامادەین هەموو ئەجێنداکان دەخەینە بەردەستی هەموو لایەک بۆ ئەوەی چارەسەرێکی تەواو بۆ هەموو کێشەکان بکرێت.
پێشتر فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕايگەیاندبوو، بڕیارە شاندێکی ھەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، ”بەڵام تا ئێستا پێکھاتەی شاندەکە و ناوی ئەندامانی یەکلا نەکراوەتەوە“.
هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەوڵ دەدەن کێشەکانی نەوت، بودجە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چارەسەر بکەن
چەند جارێک باسی سەردانی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەولێر کراوە و خۆیشی رایگەیاندبوو، کە حەز دەکات سەردانی هەولێر بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا وادەی سەردانەکە ئاشکرا نەکراوە.
رۆژی 16-7-2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆ بووەوە.
باسنيوز
