له‌ سلێمانى چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كران

له‌ سلێمانى چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كران
لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازاديی سلێمانى، چوار تۆمەتباریان دەستگیر كرد و دەستیش بەسەر سێ‌ چەكی جۆری دەمانچەدا گیرا، كە بە تۆمەتباران بووە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/8/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى سلێمانى ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادی سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیر كرد، كە لە بناری گۆیژە هەڵیان كوتابووە سەر دووكانێك و پارەیان لێ سەندبوو، سەرەڕای ئازاردانی خاوەن دووكانەكە چەند فیشەكێكیشیان بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە نابوو، دواتر هەڵاتبوون".

باس له‌وه‌ش كراوه‌، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بە فەرمانی داوەر سێ‌ تۆمەتبار دەستگیر كران، دەستیش بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچەدا گیرا، كە بە تۆمەتباران بووە .

پۆلیسى سلێمانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، لە ڕووداوێكی دیكەدا تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئازادییەوە دەستگیر كرا، كە فیشەكی بە كوڕەكەیەوە نابوو و برینداری كردبوو.
هێزەكانی پۆلیسى سلێمانى ئاگادار كرانەوە بە بوونی بریندارێك، لە گەڕەكی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی، دوای گەیشتنی مەفرەزەكان و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە، دەركەوت كە تۆمەتبار (ن، ح، ر) لەدایكبووی 1966 فیشەكی ناوە بە كوڕەكەیەوە و برینداری كردووە.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، دەستبەجێ‌ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادییەوە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 405-31 دەستگیر كرا و دەستیش بەسەر دوو چەك لە جۆری دەمانچە دا گیرا كە بە تۆمەتبار بووە، ئێستاش بریندارەكە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسیش بێت، هۆكاری ڕووداوەكە كێشەی خێزانی بووە.











باسنيوز
Top