وەزارەتی دارایی زانیاری لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكا
زیاتر گوتیشی: "ئەگەر بۆ قەرەبووكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی چەند ساڵی رابردوو بێت، ئەوە پارەیەكی زۆری دەوێت و ئێستا حكوومەت ئەو پارەیەی لەبەردەستدا نییە، چونكە زیاتر لە 4 ملیار دیناری پێویست دەبێت، ئەگەر ئەوانەی پێشووش پارەی پلەبەرزكردنەوەیان بكرێتە پاشەكەوت و ئەوەی ئەمساڵ موستەحەقە پێی بدرێت، ئەویش پارەیەكی دەوێت".
جەختیشی كردەوە: "پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، بەڵام نەتواندراوە خانەنشی رابگیرێت، بۆیە كە خانەنشینی بەردەوامە، دەبوو پلەبەرزكردنەوەش بەردەوام بوایە".
لە ساڵی 2016وە پلەبەرزکرنەوە ڕاگیراوە، لە حاڵی دەستپێکردنەوەیدا نزیکەی 680 هەزار فەرمانبەر پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە و مووچەیان زیاد و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی بودجە بكرێت، پلەبەرزكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران ئاسان دەبێت، گوتیشی: "تاوەكوو سەرچاوەیەكی تری دارایی نەیەتە دەست حكوومەت، یان تاوەكوو رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا نەكرێت، ناتواندرێت پلەبەرزكردنەوە بكرێتەوە".
لەم بارەیەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: “داهاتی هەرێم زیادی نەكردووە، تاوەكوو دەست بكەینەوە بە پلەبەرزكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی چەند ساڵی رابردوو".
ئاماژەی بەوەش دا، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا پلەبەرزكردنەوە دەست پێ بكرێتەوە.
پێشووتر وەزارەتی دارایی، نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردبوو، بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوە دەست پێ بكرێتەوە.
ساڵانە بەشێك لە فەرمانبەران پلەكانیان بۆ بەرز دەكرێتەوە، كە بەشێكیان 4 ساڵ جارێكە و بەشێكی تریشیان 5 ساڵ جارێكە، كە بەهۆیەوە ناونیشانی وەزیفییان دەگۆڕدرێت و مووچەكانیشیان بۆ زیاد دەكرێت.
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، پلەبەرزكردنەوە مافێكی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانە، گوتیشی: "هەر فەرمانبەرێك لەو كاتەی پلەكەی راگیرابێت، لەو كاتەوە بۆی ئەژمار دەكرێت، پلە و ناونیشانیان بەرز دەكرێتەوە و مووچەشیان زیاد دەكرێت".
باسنيوز
