لە مانگی (9)وە گۆڕانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەن

 لە مانگی (9)وە گۆڕانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەن
سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگەدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە (ئەیلوول -سێپتەمبەر)، گۆڕانکارییەکانی حکوومەت لە پلەکانی بریکاری وەزارەت و بەڕێوبەرە گشتییەکان و پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیەکاندا بەپێی میکانزمێکی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو دەست پێ دەکەن.



سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگەدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لە 1-9 -2019ەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و حەقەبەشی هەڵبژاردن بەپێی ئەو کورسییانەی لایەنە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان هێناوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسیی براوەی یەکەم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی، بەپێی میکانزمێکی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو، گۆڕانکاری لە پۆستە حکوومییەکانی خوار وەزیرەکاندا دەست پێ دەکات.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، گۆڕانگارییەکان، بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوبەرە گشتییەکان و پارێزگار و قائیمقامەکان و بەڕێوبەری ناحیەکان، هەروەها ئەو پۆستانەش کە بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن، دەگرێتەوە، ئەوانەی تەمەنی خانەنشینیان هاتووە، خانەنشین دەکرێن و ئەوانەشی کە چوار ساڵ زیاترە لەو پۆستانەدان دەگۆڕدرێن.



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ دەستپێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە کە سەرەتا لە پۆستی بریکاری وەزارەتەکانەوە دەست پێ دەکات، لیژنەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێ و دوای دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبەر رۆشنایی رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت، بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان دەدات، کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو پڕۆسەیە چەند مانگێک بخایەنێت.



لەم بارەیەوە، قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رای گەیاند، یەکێتی لەناو خۆیدا بڕیاری گۆڕانکاریی لە پۆستەکان داوە و لەگەڵ گۆڕانکاریداین.



گوتیشی: ”تاوەکوو ئێستا لە بڕیاری حکوومەت بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئاگەدار نین، بەڵام بە هەنگاوێکی باشی دەزانین و وەکوو یەکێتی لەگەڵ گۆڕانکاریداین و هەوڵ دەدەین کەسانی شایستە لەسەر بنەمای لێهاتوویی بۆ ئەو پۆستانەی بەر یەکێتی دەکەون، دیاری بکەین“.



پێوەند بە هەمان پرس، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان،رای گەیاند، پڕۆسەکە جگە لە گۆڕانکارییەکان لەو پۆست و پلانەدا، ئەوانەش دەگرێتەوە، کە شوێنەکانیان بەتاڵ بووە یان بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن، گوتیشی: ”دیاریکردنی ئەو پۆستانەی بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەون زەحمەت نابێت، چونکە پارتی لای گرنگە کەسێک دابنێت شایەنی شوێنەکەی بێت و خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاستی بەرپرسیاریەتییەکەدا بێت، بۆ ئەوەش پارتی کەسی باشی هەیە و خاوەنی لەشکرێک لە کادیری ئیداری و سەربازییە و بەئاسانی دەتوانێ لەناو کادیرەکانی خۆیدا ئەو کەسانە بدۆزێتەوە و دایانبنێت“.



هەروەها بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، گۆڕانکارییەکان بەپێی رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەخوار وەزیرەکانەوە دەکرێت و هیوادارین پڕۆسەکە کاتی زۆر نەخایەنێت و بەزوویی تەواوی پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بێت بۆ کارکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و خەڵکی کوردستان.



گوتیشی: ”گۆڕانکاری لە کەسەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنی خانەنشینیان هاتووە، یان تەمەنێکە لە پۆستەکانیاندان هەنگاوی ئەرێنین، چونکە هەر کەس خاوەنی پڕۆژە و روئیای خۆیەتی و هێنانەپێشەوەی عەقڵ و خەڵکی نوێ، خزمەتی زیاتر پێشکەش بە خەڵک و هاووڵاتییانی کوردستان دەکات“.



لەبارەی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەش، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکرای کرد، جڤاتی گۆڕان ئەو دەسەڵاتەی داوەتە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هیوادارین لە کاتێکی کەمدا ئەو پۆستانەی بەر گۆڕان دەکەون دیاری بکرێن و پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن.



هاوکات، جەمال حەوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند، بە باشی دەزانین پەلە لەو پڕۆسەیەدا بکرێت و لەناو وەزارەت و دەزگاکانی حکوومەتدا، هەموو ئەوانەی تەمەنی خانەنشینیان هاتووە خانەنشین بکرێن و ئەوانەی ماوەیەکی زۆریشە لەو پۆستانەدان دیراسە بکرێن و ئەگەر پێویست بکات بگۆڕدرێن، بەوەش هەم خەڵکی دیکە دێنە پێشەوە و دادەمەزرێن، هەمیش خوێنی نوێ لەو پۆستانەدا دەستبەکار دەبن.






باسنيوز
Top