زانیاریی نوێ لەبارەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی قیست بە مامۆستایان ئاشکرا کرا
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕايگەیاند: "پێش دوو هەفتە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) قسەمان كرد، ئەوان نەیانگوت كارەكە ناكرێت، بەڵكوو گوتیان بەم نزیكانە بەڕێوەبەری بانكی جیهان دێتەوە و وەڵامی كۆتاییتان دەدەینەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دواكەوتنی كۆمپانیاکە پەیوەندی بە بارودۆخی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدرالەوە هەیە، چونکە “مووچەی مامۆستا لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەی هەولێر و بەغدا دایە”.
گوتیشی: “كۆمپانیاکە دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە کە مووچەی مامۆستایان بە بەردەوامی دێت و جێگیر دەبێت، واتە ئەگەر لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕێككەوتن بكرێت، ئەوانیش بە جددی دێنە پێشەوە، چونكە كۆمپانیاكە دوودڵن و ترسیان لەوەیە كە مووچەی مامۆستا جارێكی دیكە ببێتەوە نیوە مووچە".
باسیشی لەوە کرد کە لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێت بە قەرز بەهۆی پڕۆژەکەوە، “دەبێت لەگەڵ حکوومەت گفتوگۆ بکرێت و بانكەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پەروەردە هەماهەنگی بكات، بۆ ئەوەی یەكێك لە بژاردەكان دیاری بكرێت”.
بە گوتەی عەتا ئەحمەد، دوو بیرۆکە هەیە بۆ ئەوەی قەرزەکە لە مامۆستایان وەربگیرێتەوە کە ئەوانیش:
- کردنەوەی ژمارە حیسابی بانکی بۆ مامۆستایان و بڕینی پارەکە لەنێو حبسابی بانکیی مامۆستا.
- گلدانەوەی بەشە قەرزەکە لە مووچەی مانگانەی مامۆستا و لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی مووچەدا پارەکە راستەوخۆ بگێڕدرێتەوە.
- ئەو مامۆستایەی ئۆتۆمبێلی بە قیست وەرگرتووە، خۆی پارەکە بگەڕێنێتەوە.
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئەوەشی ئاشكرای كرد کە پلانیان هەیە هەمان داواکاری ئاراستەی هەردوو کۆمپانیای (هۆندا و کیا) بکەن.
باسنيوز
