ئومێد خۆشناو: فراكسیۆنی پارتی بەشداری لە شاندەكەی پەرلەمان بۆ كەركووك ناکات

 ئومێد خۆشناو: فراكسیۆنی پارتی بەشداری لە شاندەكەی پەرلەمان بۆ كەركووك ناکات
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەوان پێیانوایە ئێستا كەركووك لە دۆخێكی نائاسایدایە، بۆیە بەشداری لەو شاندەی پەرلەمان ناکەن کە بڕیارە بچێتە شارەکەوە.



ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، بریارە کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26-8-2019، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی کەرکووک بکات.



لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: ”دەستپێشخەرییەک كراوە تا سەردانی كەركووك بكرێت، بەڵام ئەم سەردانە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك نییە و بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دۆخەكە ئاسایی نابێتەوە“.



ڕوونیشی کردەوە کە لە ئاستی باڵادا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدای فیدرال، گفتوگۆ بە مەبەستی درووستکردنی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک هەیە.



سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕەتی كردەوە كە فراكسیۆنەكەی بەشداری لە سەردانەكەدا بکات. گوتیشی: ”بەدڵنیاییەوە لەو سەردانەدا بەشدار نابین، چونكە فراكسیۆنی پارتی پێیوایە ئێستا كەركووك لە دۆخێكی نا ئاساییدایە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە چوونی شاندێک بەم شێوەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، دان نانە بەو واقیعەی بەسەر کەرکووکدا سەپێندراوە، لە کاتێکدا ”لای ئێمە ئەو واقیعە رەت دەکرێتەوە“.



ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە ئەو هەوڵەی پەرلەمان بە سەرکەوتوو نابینن، چونکە ”ئەو دۆخەی بەسەر کەرکووکدا هاتووە، زۆر لە ئیرادەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان گەورەترە، بە سەردانێکی چەند سەعاتیی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئاسایی نابێتەوە“.



لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری شاری کەرکووکیان دا و لە ماوەی چەند کاتژمێردا دەستیان بەسەردا گرت، دواتر سەرکردە باڵاکانی لایەنێکی سیاسی لە کوردستان ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان بە نهێنی لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێککەوتوون و پاشەکشەیان بە هێزەکانیان کردووە کە ئێستا بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناویان دەهێندرێت.







باسنیوز
Top