سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بۆ ئیسرائیل: چاوەڕێی تۆڵە بن
قاسم ئەعرەجی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق و سەرکردەی میلیشیای بەدر، کە بەهێزترین میلیشیای حەشدی شەعبییە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هەڕەشەکەی بڵاو کردووەتەوە.
قاسم ئەعرەجی لەبارەی بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، روو لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات و باسی تۆڵەکردنەوە و ”تەربیەتدانی ئیسرائیل“ دەکات، ”چاو بە چاو و ددان بە ددان لەگەڵتان دەکەین“.
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بە پەندێکی عەرەبی کردووە، کە دەڵێ، ”حەق بە شمشێرە و ئەوەی ناتوانێ بەدوای شاهێدحاڵدا دەگەڕێت“.
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
