حکوومەت و پەرلەمان لێژنەیەک بۆ چاکسازی پێک دەهێنن
زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی رايگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان ڕێککەوتوون کە لێژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی پێک بھێنن.
ڕوونیشی کردەوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەندامانی لێژنەکە لەلایەنی حکوومەتەوە لە وەزارەتە تایبەتمەندەکان پێکدێن، لەلایەنی پەرلەمانیشەوە سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەبن بە ئەندامی ئەو لێژنەیە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، گفتوگۆی لێژنەکان لەسەر ئەو تێبینییانە دەبێت کە پێشتر فراکسیۆنەکان لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە ھەیانبووە، بە تایبەت دەرماڵەی فەرمانبەران.
زانا مەلا خالید نەیشاردەوە کە ئەوان نایانەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان ببڕدرێت.
لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، پرۆژەیاسای چاکسازی گفتوگۆیەکی جددی لەبارەوە کرا، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە نەتوانرا پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت و بۆ حکوومەت گەڕێندرایەوە.
بەپێی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەت کار لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە چەندان بواردا دەکات. پێشتریش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر کراوە.
باسنيوز
