لە هەولێر بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوامە
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر له پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: "پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوامە، ههروهها سەرجەم هاوبەشانى کارەبا لە سنوورى پارێزگەى هەولێر بڕى 400 ملیار دینار قەرزارن و لەو بڕەش 120 ملیاری قەرزیان لای دام ودەزگا حکوومییەکانە".
باسی لەوەش کرد کە پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک کە لە کۆتایی ساڵی 2013وە کاری لەسەر دەکرێت، پرۆسەی ڕادەستکردنی بە کۆمپانیاکان تەواو بووە و ئێستا لە دوو گەڕەکی شاری هەولێر بەستراوە و چەند گەڕەکێک و پیشهسازی باشووری هەولێریش پرۆسەکەی تێدا بەڕێوە دەچێت.
لەبارەی کات و نرخی کارەبای نیشتمانى، حوسێن حهمهد گوتی: "ئێستا لە هەولێر 15 بۆ 16 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى بە هاووڵاتییان دەدرێت، جگە لەو شوێنانەى کێشەى تەکنیکییان هەیە و لۆدى زۆریان لەسەرە، ناتوانن وەکوو پێویست کارەبایان پێ بدەین، سەرجەم شوێنەکانى دیكه لە شەو و ڕۆژێکدا کارەبا بە هاووڵاتییان دەدەن، هەرچی نرخیشە ئێستا حکوومەت بەنیازی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا نییە".
باسنيوز
