حکوومەت لێژنەیەکی بۆ درووستکردنی پەیکەربەندی ئەنجومەنی ڕاژە پێکهێناوە
وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کارەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی راژە دەستیان پێکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەک پێکهێندراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی پرێس کۆنفرانسێکدا لە شاری دهۆک، ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی درووستکردنی ئەنجومەنی ڕاژەیە.
ڕوونیشی کردەوە کە لێژنەیەک بە مەبەستی درووستکردنی پەیکەربەندی ئەنجومەنەکە پێکهێندراوە کە کاری لێژنەکە، بریتی دەبێت لە دووبارە دەست پێ کردنەوەی دامەزراندن و ڕێکخستنەوەی میلاکاتی فەرمانبەران.
پێشتر جەلال محمەد ئەمین، بریاردەری لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو، دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە زۆر گرنگە و یەکێکە لە رێگاکانی چاکسازی و ھاوسەنگی بۆ فەرمانبەران.
لە بارەی ئەرکی ئەنجومەنەکە، ڕوونی کردەوە، ئەم ئەنجومەنە ئەرکی زۆر دەبێت، گرنگترینیان رێکخستی فەرمانبەرانی تەواوی وەزارەت و فەرمانگەکانە، ھەر فەرمانگەیەک فەرمانبەری زیاد بێت، ئەوە فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگەیە دەگوازێنەوە بۆ فەرمانگەیەک کە فەرمانبەری کەم بێت.
یاسای ئەنجوومەنی راژە لە ساڵی ٢٠١١ لە پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجومەنەکە دانەمەزراوە.
دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە، لە چوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
باسنيوز
