وەزارەتی ئەوقاف گوتاری هەینی مزگەوتەکان رێکدەخاتەوە
فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی راگەیاند: لە پلانی چوار ساڵی داھاتووی وەزارەتی ئەوقاف كار لەسەر ئەوە كراوە ھەموو كاروبارەكان رێكبخرێنەوە، وەك وتاری رۆژی ھەینی، كەمكردنەوەی گوتاری ئایینی كە پێویست نییە، ھەروەھا رێكخستنەوەی موڵكەكانی ئەوقاف و ئەنجامدانی پڕۆژە، ھەروەھا نەھێشتنی رۆتین".
گوتیشی: "ھەوڵدەدەین لەم چوار ساڵەدا زیاتر بابەتی ئارامی و ئاشتی و لێبوردەیی لە وتارەكانی رۆژی ھەینی گەشەی پێبدەین".
بڕیارە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ چوار ساڵی داھاتوو چەند گۆڕانكارییەك لە كار و پلانەكانیدا بكات، بە تایبەت رێكخستنەوەی گوتاری رۆژانی ھەینی. بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی ئەنجامدانی گۆڕانكاریی و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەك لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف بەپێویست و گرنگ دەزانێت.
مامۆستایانی ئایینی بە گرنگی دەزانن وەزارەتی ئەوقاف زیاتر كار لەسەر رێكخستنەوەی كات و گوتارەكانی رۆژی ھەینی لە مزگەوتەكان بكات و لە ھەر پارێزگایەك رۆژانی ھەینی یەك وتارھەبێت و تایبەت بكرێت بە پرس و بابەتێكی گرنگ.
وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە بەرنامەیدایە لە چەند مانگی داھاتوودا كۆنفرانسێك بۆ مامۆستایانی ئایینی ئەنجامبدات و لە كۆنفرانسەكەدا پلان و میكانزمی چۆنییەتی رێكخستنەوەی كاروباری سەرجەم مزگەوتەكان لە ھەرێمی كوردستان بخاتەڕوو.
K24
