چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دەستی پێکرد
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کەلە هەشت بەشی جیاجیای وەک "پێشبڕکێی ئێران، نمایشی ئایینی و نەریتی، پێشبڕکێی شانۆی نەتەوەکان، شانۆی منداڵان و مێرمنداڵان، میوانەکان (هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵە سەرتاسەرییەکانی سەرشەقام) توێژینەوە و کارگەی مەشق و ڕاهێنان) دا لە دوێنێ هەینی دەستی پێکردووە و هەتا ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دەخایەنێت.
بە گوتەی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، سەرجەم زیاتر لە ٣٠٠ بەرهەمی جۆراوجۆر گەیشتوونەتە نووسینگەی ئەو فێستیڤاڵە و ٩٠ بەرهەمیان شانۆی بیانی بوون کە سەرجیان لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی داوەرییەوە هەڵسەنگێندراون و هەڵبژاردەکان لە ڕۆژانی فێستیڤاڵدا لە شوێنە جیاجیاکانی مەریوان، سنە و چەند گوندێکی دەوروبەری مەریوان نمایش دەکرێن.
لە چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، جیاواز لە بەرهەمی هونەرمەنەدانی کوردی ڕۆژهەڵات و ئێران لە هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی وەک: "هۆڵەندا، مەکزیک، ڕووسیا، ئیتاڵیا، بەرازیل، ئۆکرانیام ئەرمینیا، عەمان، جۆرجیا و لوبنان، چەندان شانۆ بەشدارن.
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان یەکێک لە ڕووداوە فەرهەنگی و هونەرییە گرنگەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پێگەیەکی گرنگی هەیە و ئەمەش وای کردووە مەریوان وەک پایتەختی شانۆی سەرشەقامی ئێران ناودێر بکرێت.
باسنيوز
