هەسەدە داوا لە رژێمی سووریا دەكات دان بە مافەکانی گەلی کورد ”لە چوارچێوەی سووریای یەکگرتوو
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)، پەیامەکەی هەسەدە بۆ رژێمی سووریا، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتیی ئەو رژێمە دەکات، لەبارەی چارەنووسی رۆژئاوای کورد بە تایبەت و کێشەی کورد لە سووریا، بە گشتییە.
لە پەیامەکەیدا، هەسەدە داوای لە رژێمی سووریا کردووە دان بە ئیدارەی خۆجێی رۆژئاوای کوردستان بنێت، کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەی دەبات.
هەسەدە هەروەها داوای لە رژێمی سووریا کردووە دان بە مافەکانی گەلی کورد ”لە چوارچێوەی سووریای یەکگرتوو“، بنێت.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011 و کشانەوەی دامودەزگاکانی رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.
بەشێک لە شارەکانی وەک حەسەکە و قامیشلۆ، بارەگا حکوومی و ئەمنییەکانی رژێمی سووریا هێشتا لە کاری خۆیان و بە هەماهەنگیی هەسەدە، پەیەدە و پەکەکە، بەردەوامن.
پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بەبێ بەشداری پێکردنی هیچ حزب و کەسایەتییەکی دوور لە بیری ئاپۆچی، ژمارەیەک ئیدارەی خۆڕێبەری بەبێ پاشگری کوردستان، پێک هێنا.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
