زێباری: هەڵسوكەوتی تایفەگەرانەی سوپای عێراق بووە هۆی خۆپێشاندانی ناوچە سونیەكان

زێباری: هەڵسوكەوتی تایفەگەرانەی سوپای عێراق بووە هۆی خۆپێشاندانی ناوچە سونیەكان
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوە و دواتر دارایی عێراق رایگەیاند كە خۆپێشاندانەكانی ناوچە سونیەكانی عێراق بە هۆی هەڵسوكەوتی تایفەگەرانەی سوپای عێراق و دەزگا ئەمنیەكانەوە بوو.

زێباری لە دیدارێكی رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)ی بەریتانیدا كە بە سێ بەش لە ماڵپەڕە عەرەبیەكەیدا بڵاو كراوەتەوە، باس لە مێژووی خەباتی خۆی و خەباتی كورد و ئۆپۆزسیۆنی عێراق دەكات تا دەگاتە ئەو كاتەی پۆستی وەزارەتی دەرەوە بەجێ دێڵێ، لە بەشێكی دیدارەكەدا ئاماژەی بە خۆپێشاندانی ناوچە سونەكان كردووە و هۆكارەكەی بۆ هێزە ئەمنیەكان و سوپای عێراق گێڕاوەتەوە

هۆشیار زێباری باس لە بەهاری عەرەبی دەكات و دەڵێ شەپۆڵەكە بەسەر عێراقدا تێنەپەڕی، بەڵكو لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدادا خۆپێشاندانی گەورە بەڕێوەچوو، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە دۆخی عێراق تەواو جیاواز بوو لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، چونكە لەمێژ نەبوو ڕژێمی عێراق گۆڕابوو، حكوومەتی ئەوكاتیش كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكرد، لەلایەن خەڵكەوە و بە هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە هەڵبژێردرابوو، بۆیە ئەو گەشبین بووە بە خۆپێشاندانەكان و سەركردەكانی ئەوسای حكوومەتی بەغداشی دڵنیا كردبووەوە كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان جێی ترس نین و پێویست ناكا بە هێز و توندوتیژییەوە دایانمركێننەوە، بەڵكو لێگەڕێن با ڕۆژانە خۆپێشاندان بكەن.

لە هەمان كاتدا وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لەبارەی خۆپێشاندانی ناوچە سونیەكانی عێراق لە سەردەمی پێش هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەدوێت و هۆكارەكەی بۆ هەڵسوكەوتی تایفەگەرانەی سوپای عێراق و هێزە ئەمنیەكان دەگێڕێتەوە.

زێباری دەڵێ خۆپێشاندانی ناوچە سونیەكانی عێراق بەشێك نەبوو لە شەپۆڵی بەهاری عەرەبی، بە پێچەوانەوە، ناڕەزایی ئەو ناوچانە جیاواز بوو، رەنگدانەوەی هەڵسوكەوتی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو، بە تایبەتی لە دوای دوورخستنەوەی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری ئەوسای عێراق، كە لەسەر پشكی سونە بوو و لەلایەن حكوومەتی بەغداوە تۆمەتی تیرۆریستی درایە پاڵ و بە ناچاری رایكرد بۆ توركیا.

هەروەها كوشتنی سونەكانی لە سنووری كەركووك و رومادی و حەویجەی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بە هۆكارێكی تری شەپۆڵی ناڕەزایی ناوچە سونەكان داناوە و دەشڵێ "هەموو ئەو هەڵسوكەوتانە پێچەوانەی دەستووری نوێی عێراق بوون و دەبوایە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بۆ نەهێشتنی جیاوازییە سیاسییەكان بەكاربێن نەك بۆ لەناوبردنی لایەكیان، لەبەر ئەوەش بوو ئەوكاتە ئەو وەكو وەزیری دەرەوەی عێراق دژی ئەو هەڵسوكەوتانەی سوپا و هێزە ئەمنیەكان وەستاوەتەوە.










باسنيوز
Top