شێخ جەعفەر موستەفا : کوردستان پێویستی بە سوپایەکی یهكگرتووی پێشمەرگە هەیە
شێخ جەعفەر مستەفا، كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی یەكەی ٧٠ی پێشمەرگە ڕاگەیاند: "هەر كاتێك فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێم دەركرا، ئەوا ئێمە دەست بەكار دەبین و هەر دەسەڵاتێكمان بۆ دیاری بكرێت، جێبەجێی دەكەین و یارمەتیدەر و هاوكاری سەرۆكی ههرێم دەبین بۆ كارەكانی".
جەختیشی كردەوە: "من پێشمەرگەی حزبێك نیم، بەڵكوو پێشمەرگەی میللەتێكم و بۆ یەكێتی و یەكڕیزیی میللەتم بووم بە پێشمەرگە و ئەوانەی دەبن بە پێشمەرگەی حزبێك، خۆیان بچووك دەكەنەوە، من تەنیا ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیم، بۆیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان لایەنێك بۆ لایەنێكی دیكە ناكەم".
شێخ جەعفەر مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو: "هەر بەرپرسیارێتییەك بخرێتە سەرشانم، بۆ دروستكردنی سوپایەكی پێشمەرگە لە سەرتاسەری كوردستان، ئەوا یارمەتیدەر و هاوكار دەبم بۆ حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو شوێنانەی سەرقاڵی دروستكردنی ئەو هێزە دەبن".
بەرپرسی یەكەی ٧٠ی پێشمەرگە، دروستكردنی هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە بە "ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی" وەسف دەكات و باس لەوەش دەكات: "هەموو توانای خۆمی بۆ دەخەمە گەڕ بەبێ ئەوەی نیازی هیچم هەبێت و ئێستا كوردستان سەرۆكایەتی و حكوومەت و پەرلەمانی هەیە، بۆیە پێویستمان بە هێزی حزب نییە و هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەمان پێویستە".
شێخ جەعفەر موستەفا گوتیشی: "ئەو سوپایەی پێشمەرگە دەبێتە زامنی پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو هەڕەشانەی كە لە دەرەوە و ناوەوە لەم دەستكەوتانە دەكرێت، هەروەها دەبێتە گەرەنتییەک بۆ پاشەڕۆژ و سەربەخۆیی میللەتەكەمان".
جگە لە شێخ جەعفەر، بزووتنەوەی گۆڕانیش مستەفای سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە فەرمانی دانانیان لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەرنەکراوە.
باسنیوز
