چەندین پڕۆژە لە دەڤەری چۆمان جێبەجێ دەكرێن

	 چەندین پڕۆژە لە دەڤەری چۆمان جێبەجێ دەكرێن
لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەكی باڵا بۆ دەستنیشانكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەری باڵەكایەتی پێك ھاتووە و قایمقامی چۆمانیش دەڵێ، لە داھاتوودا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە ناوچەكەدا دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە.

ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچكەی چۆمان، راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، رۆژانی رابردوو شاندێكی پارێزگای ھەولێر سەردانی دەڤەری باڵەكایەتی و سنووری شارۆچكەی چۆمانی كردووە و لیژنەیەكی باڵا لە ئیدارەی چۆمان و ئیدارەی پارێزگای ھەولێر پێك ھاتووە بە مەبەستی دەستنیشانكردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی ناوچەكە و ھاووڵاتیان پێویستیانە، بڕیاریشە پڕۆژە ستراتیژییەكان بە راپۆرتێك و پڕۆژەكانی دیكەش بە راپۆرت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بەرز بكرێنەوە.

قایمقامی چۆمان دەشڵێت: "دەڤەری چۆمان لە سەردەمی ھەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز لانەی شۆڕش بووە و بەردەوام بووەتە ئامانجی رژێمەكانی عێراق، لەبەر ئەوەش پێویستە خزمەتی زیاتر بە خەڵكی خۆڕاگری باڵەكایەتی و چۆمان بە گشتی بكرێت، بێگومان پێكھێنانی لیژنەیەكیش لە ئاستی باڵادا، نیشانەی ئەوەیە لە داھاتوودا گرنگی زۆر بە دەڤەرەكە دەدرێت.

پەیوەست بەو پڕۆژانەی بڕیارە لە چۆمان جێبەجێ بكرێن، قادر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆژەكان ھەموو كەرتەكانی لە خۆ گرتووە، ئاو و كارەبا و رێگاوبان و خزمەتگوزاریی گشتی پێشكەش بە دانیشتووانی دەڤەرەكە دەكەین، ھەروەھا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی وەك رێگای ھاملتۆن و حاجی ئۆمەران جێبەجێ دەكرێن، ھەموو ئەو پڕۆژانە لەلایەن لیژنەكەوە كۆدەكرێنەوە و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێن بۆ ئەوەی فەرمانی جێبەجێكردنیان بۆ دەربكرێت.

kdp-
Top