شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
شاندێکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.
رۆژی سێشەممە 20-8-2019 لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئامادەکاری بۆ سەردانی شاندێکی لێژنەکە بۆ بەغدا، کۆبووەوە.
پێشتر لیژنەکە چەندین راپۆرتی لە بارەی بارودۆخ و کێشەکانی کەرکووک، خانەقین و دیالە ئامادە کردەوە و بڕیاریشە سەردانی مەخموور، شنگال و دەشتی نەینەواش بکات و راپۆرتێکی تەواو لەبارەی ئەو ناوچە کوردستانییانە، ئامادە بکات.
دوای ئامادەکردنی، لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان راپۆرتەکە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دوای رەزامەندیی دەستەی سەرۆکایەتی، راپۆرتەکە دەبرێتە بەغدا و دەدرێتە پەرلەمانی عێراق.
عەبدولناسر ئەحمەد، بڕیاردەری لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، شاندێکی لێژنەکەیان سەردانی بەغدا دەکات و ناوەڕۆکی راپۆرتەکە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوتوێ دەکات.
باسنیوز
