وەزیری کشتوکاڵ: هەوڵی جدی بۆ بە بازاڕکردنی بەروبومی خۆماڵی دەدەین
لەمبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی٨ی٢٠١٩ بێگەرد تاڵەبانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "دڵنیایی دەدەمە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ بەوپەڕی وزە و توانای خۆیەوە هەموو تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کێشەی بە بازاڕکردنی بەروبوومی جووتیاران و پاراستنی بەروبوومەکانیان بکەینە ئەرکی سەرەکیمان".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاەکانی ئاو ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم بابەتە درێژخایەنە و لە ئان و ساتدا بە یەکجاری جارەسەر نابێت و و پێویستمان بە هاوکاری و پاڵپشتیی هەموو لایەک دەبێت و هەم دەبێ پرسی بە بازاڕکردن بکەینە ئەرکی سەرەکیمان و هەمیش کار لەسەر ئەوە دەکەین پرسی پیشەسازیی کشتوکاڵی، بەتایبەتی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان برەو پێ بدەین و ئەمەش دەرگایەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەروبوومی جووتیاران بپارێزین و هاوکات لە ئابووریی هەرێمەکەماندا ڕۆڵێکی کارای هەبێت".
بێگەرد تاڵەبانی ڕاشی گەیاند: "ئومێد دەکەم جووتیاران نائومێد نەبن ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بەروبوومەکانیان خەسار نەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایان دەکەینەوە ئێستا و لە ئەمڕۆوە دەسپێکی ئەو پلانەیە کە دەمانەوێ گرنگی بە بەروبوومەکانی هەم لە بواری بازاڕکردن و هەم لە بواری پیشەسازیی خۆراک پیشەسازیی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان و ساڵی داهاتووش ئەنجامی کارەکانمان بە شێوەی کردەیی دەکەوێتە بەردەستیان".
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، جووتیاران لەبارەی نەبوونی بازاڕ و کەمیی نرخی بەرهەمە خۆماڵییەکان ناڕازاییان دەربڕیوە.
باسنیوز
