جەبار یاوەر: وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ واژۆی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەهاتنەوە

 جەبار یاوەر: وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ واژۆی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەهاتنەوە


ئەمینداری گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، بڕیار بوو لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٩ كۆبوونەوە لە نێوان لێژنە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەولێر بكرێت، بەڵام لایەنی عێراق لە هەنگاوەكانیان بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ ”ساردن“.



فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، ڕاگەیاند: "دوایین كۆبوونەوەی نێوان لێژنە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ٢٩ی٦ی ٢٠١٩ ئەنجام درا“.



بە گوتەی یاوەر، لەو كۆبوونەوەیەدا ”لەسەر چەند خاڵێكی مەبدەئی ڕێك كەوتین“، بەڵام نەك ڕێككەوتن بە واژۆ، بۆیە بڕیار درا كە شاندەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٩ بێنە هەولێر و لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنانەی هەبوون لە كۆبوونەوەكەدا بكرێتە بڕیار و واژۆیان لەسەر بكرێت.



ئەوەشی نەشاردەوە کە شاندەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق تا ئێستاش نە بۆ کۆبوونەوە هاتوون و نە بە نووسراو و پەیوەندی هۆكاری نەهاتنەكەیان پێ ڕانەگەیاندوون، ”ئێمەش بە فەرمی پەیوەندیمان پێوە نەكردوون و بڵێین بۆ نەهاتوون“.



ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "تا ئێستا سێجار هاوپەیمانان كە لایەنی سێیەمن ئاگادارمان كردوونەتەوە، كە پەیوەندیی بە لایەنی عێراقییەوە بكەن بۆ ئەوەی پەلە لە دانیشتنەكان بكرێت، چونكە هەم لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەم وەزارەتی بەرگری ڕاوێژكاریان هەیە، هەرچەندە هاوپەیمانانیش قسەیان لەگەڵ كردوون، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی فەرمیمان بۆ نەهاتووە".



جەبار یاوەر باسی لەوە کرد کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، كردەوەی تیرۆرستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە لە (دیالە، سەلاحەدین، كەركووك، مەخموور، قەرەچووغ و دەشتی نەینەوا) كردەوەكان زیاد دەبێت“.



گوتیشی: ”بۆ ڕێگریكردن لەم كردەوانە، ئێمە بە گرنگی دەزانین هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت و بە ڕێككەوتنی فەرمی بنكەی هەماهەنگیی هاوبەش لەو ناوچانە دابمەزرێت".



جەختیشی کردەوە کە ”ئێمە ئامادەین لەو ناوچانە بۆ كاری هاوبەش بۆ ئەوەی جموجوڵی داعش كەم بكرێتەوە و خەڵك بگەڕێتەوە ناوچەكانی خۆی و ئاسایش و سەقامگیر هەبێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری و حكوومەتی عێراق لە هەنگاونان بۆ ئەم پرۆسەیە ساردن".








باسنيوز
Top