جەنان جەبار: چارەنووسی كریستیانەكانی لای داعش نادیارە

جەنان جەبار: چارەنووسی كریستیانەكانی لای داعش نادیارە
ساڵی ٢٠١٤ كاتێك داعش ھێرشی كردە سەر مووسڵ، ژمارەیەك ھاووڵاتیی كریستیان كەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، وەك نوێنەرێكی كریستیانەكانیش دەڵێ، ئەوان نازانن ئەو كریستیانانە لای داعش ماون یانیش نا و ئاشكراشی كرد، پڕۆژەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی كریستیان ئامادە دەكەن.

جەنان جەبار، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند: "لەگەڵ ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر مووسڵ، ژمارەیەك ھاووڵاتیی كریستیان كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و دواتر لە رێگەی جیاجیا ژمارەیەك لەو رفێندراوە كریستیانانە ئازاد كران، بەپێی ئاماری بەردەستیش، ژمارەی ئەو كریستیانانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، نزیكەی سەد كەسێك بوون، بەڵام لە ئێستادا تەنیا ١٩ كریستیان چارەنووسیان نادیارە".

ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان گوتیشی: "بەدواداچوونی زۆرمان كردووە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو ھاووڵاتیانەی كریستیان بزانین، بەڵام بەداخەوە كەس نازانێت چارەنووسیان چی بووە و لە كوێن یانیش كێ دەڵێ ئەوانە لە ژیاندا ماون، ھەموو رفێندراوەكانیش دانیشتووی قەرەقووشی نزیك مووسڵن".

جەبار روونیشی كردەوە: "گەلی ئێمە لە شەڕی داعش قوربانیی زۆری بەخشی و زۆربەیان ئاوارەی ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیھان بوون، كە جگە لە كوشتن و برینداربوون، زیانی زۆر گەورەی ماددیش بەر ھاووڵاتیانی كریستیان كەوت، لەبەر ئەوە ئێمە پلانمان ھەیە پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكەین، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی پێكھاتەكانی دیكەی وەك كوردانی ئێزدی، قوربانی و زیانەكانمان قەرەبوو بكرێنەوە و هەروەها ھاوكاریی خەڵكی كریستیان بكرێت و رفێندراوان و قوربانیانی ئێمەش بە شەھید ھەژمار بكرێن".



kdp-
Top