وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دێتە هەولێر
خاتوو ئەنگرێت کرامپ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠١٩، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە دوای بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبینێت.
دوێنێ دووشەممە کرامپ سەردانی ئوردنی کرد و گفتوگۆی لەبارەی درێژکردنەوە ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لەو وڵاتە کرد کە لەوێوە پشتیوانیی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق دەکەن.
ئەڵمانیا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و تاوەکوو ئێستا بە چەندان شێوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
پێشتریش ئۆرسۆلا فۆندێرلاین، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەڵمانیا چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەنزیکەوە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەسەر کردەوە.
باسنيوز
