دوای عێراق وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانی هەولێریش دەکات
نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئینگرێت کرامپ کارنپاوەر، وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا کۆبووەتەوە، کە بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەشداری و هاوکارییەکانی حکوومەتی بەرلین، بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش کراوە.
لە کۆنگرەیەکی هاوبەشیشدا لەگەڵ نەجاح شەمەری هاوتا عێراقییەکەی، وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە و لەسەر پشتگیرکردنی هێزەکانی عێراق بەردەوام دەبین.
بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیارە ئینگرێت کرامپ کارنپاوەر، وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا سەردانی هەولێر بکات.
K24
