گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم: ئەو پارەیەی بەغدا دەیبڕێت، زۆر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت زیاترە
دوێنێ دووشەمە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو ماوەیەی کە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە رای گەیاند: ”لەو ماوە کەمەی لە تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، حکوومەت 11 بڕیاری دەرکردووە، کە پەیوەندیی بە رێکخستنەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانەوە هەیە، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانی راسپاردووە کە لە ماوەی 30 رۆژ بەرنامەی چوار ساڵی خۆیان ئامادە بکەن، هەروەها رێکخستنەوەی داهاتی حکوومەت و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەو بڕیارانە بووە“.
جوتیار عادل ئاشکراشی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بە ئەلیکترۆنی دەکات و بە شێوەیەکی کردەیی ئەو پڕۆژەیەش دەستی پێ کردووە.
گوتیشی: ”بە مەبەستی پاراستنی مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە مووچەی 13 هەزاری ئەو توێژە بگەڕێنێتەوە بە هاوتەریب لەگەڵ وردبینیکردنی سەرجەم ناوەکان بۆ دڵنیابوون لە کەسی شایستە“.
سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانیش، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد کە پێشڤەچوون و تێگەیشتنێکی باش هەیە، هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لەئارادایە، هەردوولا کۆکن لەسەر کۆمەڵێک بابەت و هەنگاوی کردەییش لەبارەوە نراون، هەر لەو چوارچێوەیەدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لیژنەی تایبەت بەو دۆسیەیە پێکهێندراوە.
سەبارەت بە بودجە و نەوتیش، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستە ڕوو کە رۆژی سێشەمە رێککەوتی 16-7-2019 شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نیشاندانی نیازپاکی سەردانی بەغدای کرد و لە کۆبوونەوەکان تێگەیشتنێکی باش هەبووە.
روونیشی کردەوە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 7 لە 30-7-2019 چەند لیژنەیەکی تەکنیکی دروست کراون بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم بابەتەکان، ئەو گفتوگۆیانە لە کەشێکی ئیجابیدا زەمینەسازیی یاسایی و سیاسیی بۆ کراوە.
گوتیشی: ”هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی 25-7-2019 شاندی حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بەپێی دەستوور، کۆ بوونەتەوە، لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش و نیازپاکیی هەردوولا لەئارادایە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیە سەرەکییەکان بە تایبەتی پرسی ناوچە کوردستانییەکان و کێشە داراییەکان، بودجە، پرسی نەوت و غاز. هەردوولا رێک کەوتن لەسەر دانانی میکانزمی کردەیی بۆ لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی وردەکارییەکان بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگای پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تایبەتمەندی تەکنیکی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەژێر چاودێریی لیژنەی باڵای هاوبەش”.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو کە بەپێی یاسای بودجەی حکوومەتی عێراق بۆ ساڵی 2019، پشکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 12.84 ترلیۆن دینارە، حکوومەتی فیدراڵی لە سەرەتای ساڵی 2019 و لەو کاتەی کە یاسای بودجەی عێراق چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، لە کۆی 12.84 ترلیۆن دینار کە شایستەی ساڵانەی هەرێمی کوردستانە، تەنها 452 میلیار دینار خەرج کردووە، کە ساڵانە دەکاتە 5.44 ترلیۆن دینار، سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاندووە ئامادەیە داهاتی 250 هەزار بەرمیل لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق ئیداع بکات، بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش بەپێی بڕگەی جیم لە ماددەی 10 دووەم لە یاسای بودجەی عێراق شایستەی دیکەی هەرێمی کوردستان کە ساڵانە دەکاتە 7.39 ترلیۆن دینار، بەپێی خشتەی پەسندکراوی هاوپێچی ئەو یاسایە لەلایەن حکوومەتی عێراق دەبڕدرێت، بۆیە ئەو بڕە پارەیە کە حکوومەتی عێراق مانگانە دەیبڕێت زۆر لە بەهای 250 هەزار بەرمیل زیاترە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو روونکردنەوەیەی بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ گەیاندووە، خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش لەوبارەیەوە هەیە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وردەکارییەکانی هەر دۆسێیەک لەوبارەیەوە ئامادە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لەم چەند رۆژەی داهاتوو لیژنەکان کۆببنەوە”.
جوتیار عادل جەختی کردەوە کە شایستەی دارایی و پشكی هەرێم لە بودجەی ئیتیحادیدا، 12.84 ترلیۆن دینارە، بەڵام بەغدا تەنیا 5.44 ترلیۆن دینار لە ماوەی ساڵێكدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روونی كردەوە ئەو كۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی باڵا و لیژنەكان لەگەڵ لایەنی حكومەتی ناوەند ئەنجام دراون ئیجابی بوون و هەنگاوی باش نراوە و لیژنەی تەكنیكی پێك هێنراون بۆ دۆسیەی نەوت و بودجە و كەركووك و شەنگال و ناوچە دابڕێنراوەكان و راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن، دواتر راپۆرتەكان ئاراستەی لیژنەی هاوبەشی باڵا دەكەن، پێموایە كێشەكانی نێوان هەردولا چارەسەر دەبن، بەڵام پێویستی بە كاتە».
باسنيوز
