لە خورماتوو شوێنی ژمارەیەك كاسبكار تێكدران
یەكێك لە خاوەنكارەكان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ڕايگەیاند: "ئێمە بە كەپر و هەروەها بە دار شوێنمان بۆ كەسابەتی خۆمان لە نزیك پێشانگەی ئۆتۆمبێلەكانی خورماتوو دروست کردووە كە زۆرینەمان لەبەر ئەوەی توانای بەگرێگرتنی دووكانمان نییە لەناو بازاڕ لەو شوێنە ئێستا كار دەكەین كە زۆرینەمان بەقاڵ و سەوزە فرۆشین، بەڵام بە فەرمانی قایمقامی خورماتوو شوێنەكانمان تێكدرا".
گوتیشی: "بەتێكدانی ئەو شوێنە رزقی دەیان خێزانیان بڕیوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو شوێنەی كە ئێمە كاری تێدا دەكەین هیچ ئاستەنگییەكی بۆ هاتوچۆ دروست نەكردووە".
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لەو شارە ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان و هەرێمی کوردستان بوون و بە دەسیان خانوو و دووکارنی کورد تێک دراون و دۆخی ئەمنی تێک چووە و هاووڵاتیان لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
باسنيوز
