پێشمەرگەیەکی دێرینی پارتی لە سلێمانی بێسەروشوێن دەکرێت
ڕێبوار ئەحمەد، پێشمەرگەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا فەرمانبەرە لە بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی، ماوەی دوو ڕۆژە لەناوچەی (سیتەک)ی شاری سلێمانی، بێسەروشوێن بووە و تاوەکوو ئێستا بنەماڵەکەی ھیچ سەرەداوێکیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی شارەکەوە دەست نەکەوتووە.
لەمبارەیەوە ستیڤان ئەحمەد، برای ڕێبوار ئەحمەد ڕايگەیاند، براکەی جگە لەوەی پێشمەرگەی دێرینە، ئێستا فەرمانبەرە لە بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی، ماوەی دوو ڕۆژە دیار نەماوە و تاوەکوو ئێستا ھیچی لەبارەوە نازانن
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”براکەم هاوسەرەکەی ئاگادار کردەوە کە دەچێتە سیتەک و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵو هاوینییەکەی لە چوارتا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبیلەکەی له ماڵەوە جێهێشتبوو، گوتوویەتی بە تەکسی دەگەڕێمەوە، چونکە ماڵی خۆی لە سلێمانییە، کەچی لەو کاتەوە ون بووە و مۆبایلەکەشی داخراوە".
ستیڤان دەڵێت، ئەوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ”ئەوانیش ھیچ زانیارییەکەیان لەسەر چارەنووسی براکەم نییە، بۆیە داواکارین دەزگا ئەمنییەکان ھەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە و بەدواداچوونی جددی بۆ دۆزینەوەی براکەم بکەن".
باسنيوز
