دیندار زێباری: لە کوردستان چەندین بیانی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر دەستگیر کراون
لە ڕاپۆرتەکەی دیندار زیباری، سەرۆکی فەرمانگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: "دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشە سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە کە کەوتبوونە ژێردەسەڵاتی داعش روویان لە هەرێمی کوردستشان کرد، لەو کاتەدا جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ لایەنە ئەمنییەکان دروست دەکرد، بۆیە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و رێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئاوارەکانیشەوە، لەمیانەی ئەم رێوشوێنانەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەندین کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کران".
لەم بارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رای گەیاند: "دوای ساڵی 2003ەوە تیرۆریستان کوردستانیان کردبووە ئامانج بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و تێکدانی سەقامگیریی هەرێم، لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستان داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان هەرێمی کوردستان زیاتر کرابووە ئامانج، بەڵام بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەوڵەکانیان پوچەڵ کراونەتەوە و لەمبارەوە بە سەدان کەس بە بەڵگەوە دەستگیر کران کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە شەڕەکانیشدا کردبوو و ژمارەیەکیان ئافرەت و مێردمنداڵ بوون".
دیندار زێباری لە بارەی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی گوتی: "حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ پرۆسەیەکیان دەست پێکرد بۆ رادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری کردووە، بەپێی ئەم پرۆسەیەش تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستگیرکراوانی داعش رادەستی بەغدا کراون، ئاماژەی بەوەش کرد رادەستکردنەوەی گیراوەکان بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان بووە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "لە ماوەی رابردوو دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر بڕیاری دا (277) بەندکراو بەپێی ماددەى (سێیەم/ 7 تیرۆر) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا/ تیرۆر) بکرێن ئەمەش بە چەند قۆناغێک بوو و لە هەر قۆناغێکدا (50 تا 55) لە بەند کراو پێکهاتبوو. هەروەها بەپێی بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر (576) بەندکراو بەپێی ماددەى (چوارەم/ 1 لەیاسایى ژمارە 13ى ساڵى 2005) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى رەسافە/ بەغدا) کراون لە ڕێگاى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتىی هەولێر بە (5) پێنج قۆناغ لە هەر قۆناغێک (100 تا 120) بەندکراو ڕەوانە کراون."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کوردستان گوتیشی: "لە دوای ساڵی ٢٠١٦ چەندین هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون کە خاوەنی رەگەزنامەی تورکی، سووری، ئێرانی، چینی، ئەمریکی، جەزائیری و چەند وڵاتێکی دیکەن بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و بەشێکیان رادەست کراونەتەوە لەوانە (١٥) بەندکراوی بە رەگەز تورکی، (٣) بەندکراوی بە رەگەز ئەڵمانی، (٣) بەندکراوی بە رەگەز رووسی، (٢) بەندکراوی بە رەگەز ئازەربایجانی، هەروەها رۆژنامەنووسی بە رەگەز ژاپۆنی "کۆسوکی سۆنیۆ کا" بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە داعشەوە دەستگیر کرا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی کردووەتە شامی، دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ژاپۆن نێردرایەوە وڵاتەکەی".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو ئافرەت و منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون گوتی: "بەپێی ئاماری لایەنە ئەمنییەکان (٦٧٧) کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون، لەوانە (30) ئافرەت (22) یان راگیراون و (8) یان سزا دراون، هەروەها (٦) نەوجەوانیش بە هەمان تۆمەت راگیراون. لەلایەکی دیکەشەوە (٣٧) بەندکراوی پیاو بە لە سێدارەدان سزا دراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ هیچ سزایەکی لەسێدارەدان بۆ بەندکراوان دەرنەچووە".
دیندار زێباری هەروەها گوتیشی: "دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵى 2016 لە دادگاى هەولێر دەیان کەیس یەکلا بووەتەوە و سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ بووە. هەروەها بە پشت بەستن بە ماددەى (٤٩) یاساى پاراستنى نەوجەوانان دادوەرى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى نەوجەوانان تایبەتە بە بینینى ئەو داوایانە و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکى لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەى دادوەرى ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دەچێتە بەردەم دادوەر."
باسنيوز
