شاندێکی حکوومەت سەردانی دەڤەری باڵەکایەتی دەکات

شاندێکی حکوومەت سەردانی دەڤەری باڵەکایەتی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەڤەری باڵەکایەتییان کردووە و لە کێشە و کەموکۆڕییە خزمەتگوزارییەکانی ئەو سنوورە دەکۆڵنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی٨ی٢٠١٩ تاهێر عەبدوڵا جێگری پارێزگاری هەولێر کە سەرۆکی شاندەکەی حکوومەتە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ قایمقامی چۆمان، گوتی: "ئێمە پێشتر چەندان پرۆژەی جۆراوجۆرمان لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بوودجەی وەبەرهێنان بۆ ئەم سنووورە هەبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراون، چونکە زۆر پێداویستی‌تر هەبووە، ئێستا ئەو پرۆژانەی کە دەرخستەکانیان ئامادەیە، دەبێ تاوتوێ بکرێن تاکوو ئێمەش بەری بکەینەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران هەتاکوو ڕەزامەندیی دارایی بۆ وەربگیرێت و لەڕێگەی فەرمانگەکانی حکوومەتەوە جێبەجێ بکرێن".

تاهیر عەبدوڵا گوتیشی: "ئەو پرۆژانەی کە پێداویستیی هەرە پێویست و گرنگن، وەک ئاو و کارەبا و چاککردنی ڕێگەوبانەکان، هەروەها پێداویستییە تەندروستییەکان دەست پێدەکەنەوە و یەکێک لەو پرۆژە گرنگانەی کەلە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەست دروستکردنی کراوە، ڕێگای جووتسایدی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران بوو، کە بەهۆی قەیرانی دارییەوە ڕاگیراوە و ئیستا خەریکە دەست پێدەکاتەوە و هیوادارین وەزارەتی دارایی ئەو بوودجەیەی کە پێشتر بۆی تەرخان کراوە، بیخاتەوە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە گرنگە تەواو بکرێت کە بەشێکی زۆری گرفتەکانی هاتوچۆ و ڕێگای بازرگانیی نێوان دەروازەی نیودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات".

باسی لەوەش کرد: "هاوکات چەند پرۆژەی گرنگی دیکەی وەک پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و چەند پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان و گەیاندنی کارەبا بۆ چەند شوێنێک لە بەرنامەدان و هیوادارین بتوانین لە ئاستی داخوازییەکاندا بین و ئەوەی پێمان بکرێت وەک پارێزگای هەولێر جێبەجێی بکەین".

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "ئێمە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەتا ساڵی ٢٠١٣، واتە تا ئەوکاتەی بودجە هەبوو، زیاتر لە ١٠٠ پرۆژەمان بە بڕی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار جێبەجێ کردووە.











باسنيوز
Top