ئەمڕۆ٤٠ ساڵ بەسەر فەتوای جیهاد لەدژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت
بەپێی بەڵگە مێژوویی و بڵاوکراوەکانی ئەوکاتە، ١٩ی ئابی ساڵی ١٩٧٩ لەکاتێکدا کە بزوتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندبوو و حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵێک بوو دەستی بەسەر ئێراندا گرتبوو، خومەینی، ڕێبەری حکومەتی کۆماری ئیسلامیی فتوای جیهادی لەدژی گەلی کورد ڕاگەیاند.
ئەو فەتوا ئایینییە لە وەڵامی ڕەواترین داواکارییەکانی گەلی کورددا بوو کە بریتی بوون لە دیموکراسی بۆ ئێران و مافی خۆبەڕێوبەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە هێرشی سەربازی و سێدارە دایەوە.
لەو هێرشە بێ روعمانەیەدا ئەرتەش (سوپای میللی) و سوپای پاسداران لەشکرکێشییان کردە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع و نوێنەری خومیەنی ڕەوانەی ڕۆژهەڵات کرا، لەو ڕووەوە کە لەدژی گەلی کورد جیهاد ڕاگەیەندرابوو، هەموویان بە کافر دادەنران و چیدی لە کوشتنی هیچ کوردێک چ چەکدار، یان هاوڵاتی سڵیان نەکردەوە.
جگە لەو کەسانەی کرانە ئامانجی هێرشی سەربازیی سوپا و ئەرتەش، سەدان گەنجی دیکە، کە لە نوخبەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەژمار دەکران، لە دادگا یەک خولەکییەکانی "سادق خەڵخاڵی"دا سزای سێدارەیان بۆ بڕایەوە و پاشان لەسێدارە دران.
لەو هێرشە و داگیرکارییەدا بۆ سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مستەفا چەمران، یەک لە فەرماندەکانی سوپا لە شەڕەکانی کوردستان بە نوێنەرایەتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێگای کوردستانی گرتەبەر و لە یەکێک لە هێرشەکانی سوپا بۆ سەر گوندی "قاڕنێ"ی سەر بە شاری نەغەدە لە سێ کاتژمێردا ٦٨ کەسی مەدەنی کوژران و گوندەکەیان بەتەواوی کۆمەڵکوژ کرد و بە دەیان گوندی دیکەی ناوچەی موکریان، شنۆ و پیرانشار و بۆکان ئەو کۆمەڵکوژییانە دووبارە کرانەوە.
یەک ڕۆژ پاش فەتوای خومەینی هەموو زیندانیانی کوردی زیندانی تەورێز بێ دادگایی لەسێدارە دران، نیوەشەوی ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٧٩ لە شاری پاوەی سەر بە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ کەس لەسێدارە دران، هەروەها ڕۆژی دوای ئەوە لە پاوە ٧ کەسی دیکە لەسێدارە دران، ٢٣ی ئاب ٩ کەس لە شاری مەریوان لەسێدارە دران کە مامۆستای خوێندنگە و پەرستاری نەخۆشخانە بوون، ٢٥ی ئاب ١١ کەس لە سنە گوللەباران کران کە دوانیان بە برینداری و لە نەخۆشخانەوە بران و گوللەباران و لە دادگایەکی سەحرایی و سەربازەکانی سوپا کوژران، ٢٦ی ئاب ٢٠ کەس لە شاری سەقز لەسێدارە دران.
پاش ئەو هێرش و پەلامارەی حکوومەت و سێدارەی و کوشتاری بەندکراوان و لاوان و ئازادیخوازان، خەڵک و حیزبە سیاسییەکان لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەهاباد و پاوە بەرخودانی مێژووییان کرد، نموونەی بەرچاوی ئەو بەرخۆدانە، بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەی سنە بوو، کە لە کاتێکدا لە چوار لاوە گەمارۆ درابوو و بۆردومان و تۆپباران دەکرا، شارەکە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەرگریی لێکرا و ڕێگانە درا بکەوێتە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.
هەر ئەو سەردەمە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە وتارێکدا بۆ هێزە سەربازییەکان وتی: "ئەرتەش بۆی نییە پوتەکانی لە پێ داکەنێت، تا ئەوکاتەی ئاژاوەی کوردستان لەناو دەبەن و ئەو یاخییانە دەکوژن".
باسنيوز
