پەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەت بە خۆی ئامادە دەکات
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بە خۆیەتی ھاوشێوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەكان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی لە گفتوگۆدان بۆ ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بە پەرلەمان.
ئەم یاسایەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی، لە چەند ماددەیەک پێک دێت، کە خانەنشینی پەرلەمانتار، ئیمتیازات و کاروباری پەرلەمان دیاری دەکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ھەوڵدایە لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆڕی یاسایی ئەم پرۆژەیە بەشێوەیەک ئامادە بکات، کە ھیچ پرۆژەیەکی چاکسازی لە بارەی دیاریکردنی ئیمتیاز، پاسەوان و خانەنشینی، پەرلەمانتاران نەگرێتەوە.
ئامادەکردنی ئەم پرۆژەیە لە کاتێکدایە، لە پرۆژەیاسای چاکسازی، بەشێکی زۆری ماف و ئیمتیازاتەکانی ئێستای پەرلەمانتاران نامێنێت و خانەنشینیی پەرلەمانتارانیش رێک دەخرێتەوە.
باسنیوز
