فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری سلێمانییان بۆردومان کرد و بریندار هەیە
بەیانیی ئەمڕۆ ١٩ی ٨ی ٢٠١٩، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی (بۆڵێ)ی شارەدێی سەنگەسەری سەر بە شارۆچکەی پشدەریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
دانیشتووێکی گوندەکە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی بۆردومانەکەی ئەمڕۆوە زیان بە خانوو و ڕەز و باخی هاووڵاتییان گەیشتووە و کەسێکیش کە تەمەنی سەرووی پەنجا ساڵی بووە، بەناوی عەبدوڵا ئەحمەد، بریندار بووە.
بە گوتەی ئەو کەسە، ئێستا هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕێگە نادەن هاووڵاتییان بچنە نێو گوندەکەیانەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”هەندێک لە چەکدارەکانی پەکەکە پێش بۆردومانکردنی گوندەکەمان، هاتنە نێو گوندەکە و دواتر دەست بە بۆردومان کرا“.
پاش ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨، بنکە و بارەگا فەرمییەکانی حزبەکە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان داخران و چالاکییەکانیشیان سنووردار کرا، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە هێشتا لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای سلێمانیدان.
جگە لە ئیدارەی راپەڕین، لە هەندێک ناوچەی سنووری شارۆچکەی شارباژێڕیش گەریلاکانی پەکەکە بە مەبەستی خۆپاراستنی لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دەچنە نێو گوندەکان و بەم هۆیەشەوە دانیشتووانی گوندێکی ئەو سنوورە بەناوی (گوڵاڵە) داوایان کرد هێزێکی پێشمەرگە ببرێتە گوندەکەیان.
باسنیوز
