له 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه 1200 خێزانى عه‌ره‌ب هێنراونەته كه‌ركووك
حه‌سه‌ن ئه‌مین شێخانى، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان ڕاگه‌یاند: "ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئێستا له كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌یه، كه ڕ‌ژێمى به‌عسى له‌ناوچوو ئه‌نجامى ده‌دا و ئه‌وه‌یشى كه ڕاكان جبوورى، پارێزگارە سهپێندراوهكهى كه‌ركووك دەیکات، كارێكى ناشه‌رعى و نایاساییه و ده‌چێته چوارچێوه‌ی دیكتاتۆریه‌ته‌وه. ئه‌و ته‌نیا بۆ ئه‌وه كار ده‌كات، كه ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به كورد له كه‌ركووكدا هه‌یه، هه‌مووى له‌ناو ببات و بیسڕێته‌وه و گۆڕانكاری له دیمۆگرافیای شاره‌كه‌دا بکات. له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ریشه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست و كه‌ركووكى له شارێكى ئارامه‌وه كرده شارێك، هه‌موو كه‌سێك سڵى لێى بكات و خۆى لێى به‌دوور بگرێت، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌كه‌ى له لا خۆشتر ده‌وێت، نه‌ك كه‌ركووك".
گوتیشى: "كاتێك پارێزگاره سه‌پێندراوه‌كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى گرته ده‌ست، یه‌كه‌م هه‌نگاو، به هاوكاریى حه‌شدى شه‌عبییەوە پرۆسه‌ى ته‌عریبكردنى شاره‌كه‌ى دەست پێ‌کرد و ڕێگه‌ى به‌و عه‌ره‌بانه‌دا، كه سه‌رده‌مى ڕ‌ژێمى به‌عس هاتبوونه ناوچه‌كه و له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادكردنى عێراق گه‌ڕابوونه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ى لێیه‌وه هاتبوون، دووباره بگه‌ڕێنه‌وه، وه‌كوو چۆن له سه‌رده‌مى ڕ‌ژێمى به‌عس هه‌موو كارئاسانییهكیان بۆ ده‌كرا، ئه‌میش ئاوه‌هاى بۆیان كرد. له‌دواى 16ى ئوكتۆرهوه 1200 خێزانى عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته شاره‌كه و هه‌موو شتێكیان بۆ كراوه و له نیوه‌ى زیاترى ئه‌و خێزانانه‌ش فۆرمى خۆراكیان بۆ گوێزراوه‌ته‌وه و كارتى نیشته‌جێبوونیان بۆ كراوه و وه‌كوو هاووڵاتییه‌كى ره‌سه‌نى دانیشتووى كه‌ركووك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".
ڕاشىگهیاند: "ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى هێنراونه‌ته شاره‌كه، زۆرینه‌یان هى ناوچه عهرهبنشینهكانى كه‌ركووكن و كه‌سوكارى ئه‌و داعشانه‌ن، كه له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر دژى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌جه‌نگان و له هه‌وڵى ئهوەدابوون بێنه كه‌ركووك و داگیرى بكه‌ن، به‌ڵام چونكه هێزى پێشمه‌رگه ڕێگریى لێ ده‌کردن، نه‌یانده‌توانى بێنه كه‌ركووك و به ئاره‌زووى خۆیان تێیدا بسووڕێنه‌وه، به‌ڵام له‌دواى پاشه‌كشه‌كردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له ناوچه‌كه، ئه‌و عه‌ره‌بانه خهونهكانین هاته دى و زۆر به‌ئاسانى هاتنه كه‌ركووك و ئێستا به ئازادانه تێیدا ده‌سووڕێنه‌وه و وه‌كوو ئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌رگرییان له كه‌ركووك كردبێت، نه‌ك هێزى پێشمه‌رگه".
حه‌سه‌ن شێخانى ئاماژه‌شى به‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر كورد له ڕێگاى یاسا و ده‌ستووره‌وه فریاى كه‌ركووك نه‌كه‌وێت، ئه‌وا كێشه‌كان زیاتر قووڵ ده‌بنه‌وه، به تایبه‌ت كێشه‌ى هێنانى عه‌ره‌ب به به‌رده‌وامى بۆ كه‌ركووك، چونكه پارێزگارە سهپێندراوهكهى كه‌ركووك، هه‌موو هه‌وڵێكى خستووەته گەڕ بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى عه‌ره‌ب له كه‌ركووك زیاتر بكات و كاره‌كانى له‌و ڕووه‌وه چڕ كردووەته‌وه و ههوڵهكانیشى له‌و ڕووه‌وه گه‌یشتووەته ئاستێكى مه‌ترسیدار و گوێش به كه‌س نادات و هه‌رچییش بیه‌وێت دیکات، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ یاسا و ده‌ستوور، كه ئه‌وه‌ش بۆ ئێستا و ئاینده‌ى كه‌ركووك و كوردیش خراپه.
حه‌سه‌ن شێخانى جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه تاكوو شاره‌كه به‌ده‌ست كورده‌وه بوو و پارێزگاره‌كه‌ى كورد بوو، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریى بۆ کرا، به‌ڵام له‌و كاته‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه كه‌وتووەته ده‌ست راكان جبوورى و هێزى سه‌ربازى و حه‌شدى شه‌عبیش، ته‌نانه‌ت یه‌ك پرۆژه‌ى بچو‌وكیش بۆ شاره‌كه نه‌كراوه، به‌مه‌ش ده‌ركه‌وت كه له كورد زیاتر هیچى كه‌س و لایه‌نێكى دیكه خه‌مى كه‌ركووك ناخوات و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئێستاى شاره‌كه‌ش ته‌نیا بۆ پێگه و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى كار ده‌كات و خه‌مى شاره‌كه و دانیشتوانه‌كه‌ى نییە.
راشىگهیاند: "ئێستا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تیى كه‌ركووك ده‌كرێت و فشارێكى زۆر ده‌خرێته سه‌ر كوردانى كه‌ركووك، بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌كه به‌جێ بهێڵن، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك رێژه‌ى ده‌نگده‌رى كورد كه‌م بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانێت ئه‌و پۆسته ئیدارییانهى له‌پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر به‌ده‌ستییه‌وه بوو، به تایبه‌ت پۆستى پارێزگار، نه‌توانێ به ده‌ستى بهێنێته‌وه".
هاووڵاتییه‌كى كوردى دانیشتووى شاره‌كه‌ش به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: "ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى هێنراونه‌ته كه‌ركووك، زۆرینه‌یان كه‌سوكارى داعشن و چه‌كیان هه‌یه، هاووڵاتییه‌كى عه‌ره‌ب له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه هاتووەته گهڕكهكهمان و زۆر جار پێمان ده‌ڵێت، كه‌ركووك شارێكى عێراقی و عه‌ره‌بییه و بۆ كورد نییه داواى بكات، ئه‌گه‌ر پێویست بكات شه‌ڕى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و خوێنى خۆمانى بۆ ده‌ڕژێنین، زۆر جاریش پێمان ده‌ڵێن ئێوه ده‌نگتان بۆ ڕێفڕاندۆم دا، فه‌رموو بچنه پاڵ حكوومه‌ته‌كه‌تان، كه كارى بۆ ئه‌وه ده‌كرد كه‌ركووك بچێته سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام تاكوو خوێن له جه‌سته‌ماندا مابێت، ناهێڵین جارێكى دیكه ئاڵاى كوردستان له كه‌ركووك به‌رز بكرێته‌وه".
گوتیشى: "زۆرینه‌ى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى هێنراونه‌ته شارى كه‌ركووك، پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه داواكراو بوون، به هۆى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش، كه ئێستا زۆرینه‌یان شانه‌ى نووستوویان دروست كردووه و مه‌ترسییان بۆ سه‌ر كه‌ركووك و هاووڵاتییانیشى دروست كردووه و هێزه ئه‌منییه‌كانیش به‌و حاڵه‌ته ده‌زانن، به‌ڵام چونكه ئه‌و عه‌ره‌بانه له پارێزگاره‌كه‌ى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه نزیكن، كه‌س ناتوانێت ده‌ستگیریان بكات".
باسنيوز
