د. گەلاوێژ: ڕێکاری پێویست بۆ تاقیکردنەوەکان گیراوەتەبەر.. نابێ ھیچ ھەڵەیەک لە پرسیارەکاندا ھەبێت

د. گەلاوێژ: ڕێکاری پێویست بۆ تاقیکردنەوەکان گیراوەتەبەر.. نابێ ھیچ ھەڵەیەک لە پرسیارەکاندا ھەبێت
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکاری پێویست بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم گیراوەتەبەر. ڕایشیگەیاند، لە کاتی بوونی ھەر ھەڵەیەکدا لایەنی پەیوەندیدار ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.



ڕۆژی سێشەممە ٢٠-٨-٢٠١٩ یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەمی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ بەشی زانستی و وێژەیی دەست پێ دەکات، بەپێی خشتەکە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ئاب دەست بە تاقیکردنەوەکان دەکرێت و ڕۆژی ٢٨ی ئاب کۆتایی بە تاقیکرنەوەکانی ١٢ی ئامادەیی دێت.



لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمدا، قوتابیان گلەییان لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان و ھەڵەھەبوونی پرسیارەکان ھەبوو، بۆ ئەم پرسە، د. گەلاوێژ عبێد، ڕاگەیاند: "پێش جەژن وەزارەتی پەروەردە چەند ڕێنماییەکی لەو بارەیەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان دەرکرد، کە تێیدا هاتبوو نابێ پرسیاری تاقیکردنەوەکان ھەڵەی تێدا بێت و دەبێ ھۆڵی تاقیکردنەوەکانیش ھەموو پێداویستییەک بۆ قوتابیان دابین بکات، ھەروەھا قوتابیان لە کەشێکی ئارام و ھێمندا وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە و لە کاتی بوونی ھەر ھەڵەیەکیش لە پرسیارەکاندا لایەنی پەیوەندیدار ڕووبەڕووی سزادان دەبنەوە."



پەیوەست بە دڵنیاییی قوتابیانیش بۆ پرسیاری تاقیکردنەوەکان، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێمە ناتوانین سەداسەد دڵنیا بین تاوەکو پرسیارەکان ئاشکرا نەکرێن، بەڵام دڵنیاییی ئەوە دەدەین کە ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی ھیچ ھەڵەیەک نەکرێت و ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان کراوەتەوە کە نابێ ھیچ ھەڵەیەک لە پرسیارەکاندا ھەبێت."



دکتۆرە گەلاوێژ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان بەدواداچوون دەکەن و وەکو لیژنەی پەرلەمانیش سەردانی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان دەکەن، تا لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەکە بن. ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا چەند کەسێک ڕووبەڕووی سزا بوونەوە.

kdp-
Top