هۆشیار سیوەیلی و شاندی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا كۆبوونەوە
سیوەیلی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان كرد بە یۆنەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی نوێی و، دووپاتی هاوكاری و هەماهەنگیی كردەوە.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، بە ڕێز سیوەیلی باسی لە دواپێشهاتە سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بو شاندی میوان كرد و ڕایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی تەواو لە حكوومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ دەكات لە گەیشتن بە ڕێككەوتن، كە دەستوور بنەمای بێت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت. لە ماوەی دەستبەكاربونی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم، چەند شاندێكی باڵا سەردانی بەغدایان كردووە بە مەبەستی گفتوگۆكردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ، ئێستاش جەند لیژنەیەك پێك دەهێندرێن بۆ بەردەوامبوون و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە هەماهەنگی و هاوكارییەكانی نێوان هەردوولا بەهێزتر بكات.
دەربارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێم، سیوەیلی جەختی كردەوە كە بە بێ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور و ئەو ماددانەی دیكە، كە پەیوەندییان بەو ناوچانە و هەرێم و گەلی كوردستانەوە هەیە، ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا بەرپا نابێت، سەد ساڵی رابردووش ئەو راستییەی سەلماندووە، بۆیە دەبێ بە هەمووان و بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانمان، هەوڵی تەواو بدەین بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانمان.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، باسی لە گرنگی و هەوڵی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كردەوە بۆ بەڕێوەبردن و پێشكەشكردنی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانەی كە دەكەونە سنووری ماددەی 140ی دەستوور، كە نابێت هیچ لایەنێك هەوڵی خوسەپاندن و بەزۆر گۆڕانكاری دێمۆگرافی و مێژوویی بدات، بارودوخی ئێستای ئەو ناوچانە سەقامگیر نییە و خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن، ئەمەش وای كردووە كە پەنابەر و ئاوارەكان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە دەست بە بنیادنانەوەی ژیانیان بكەن. گوتیشی: "دواكارین كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاریی هەولێر و بەغدا بكات بو چەسپاندنی ئاسایش و بە كەرامەت گەڕانەوەی ئاوەراەكان بۆ زێدی خویان".
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، بەڕێز سیوەیلی باسی لە كاریگەرییەكانی ناوچەكە لەسەر هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەتی رۆژئاوای كوردستان و هیوای خواست كە لایەنەكان هەموو بەشدار بن لە پاراستنی ئەمنیەت و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە.
بەڕێز لێنتز، سوپاسی رەخساندنی ئەو دیارەی كرد و سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد بۆ هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە لەگەڵ كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیدا هەیەتی و داوای كرد، كە بەردەوام بێت.
بەڕێزیان ستایشی رۆڵی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی پێنچ ساڵی رابردوودا توانییان لەگەڵ ئەو زەحمەتی و بارودوخە سەختەدا پەنای سەدان هەزار لێقەوماو بدەن كە لە دین و مەزهەب و نەتەوەی جیاوزا پێك هاتبوون بە بێ جیاوازی و بەرگری لە ئازادی بكەن و شەڕی دڕندەترین رێكخراو بكەن و گوتیشی: "ئێمە دووپاتی هاوپەیمانی و هاوكارییەكانمان بۆ گەل و حكوومەتی هەرێم دەكەینەوە و ئامادەی هەموو هاوكارییەكیشین لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت".
راشیگەیاند كە سەقامگیریی عێراق و ناوچەگە، پەیوەستە بە لێكتێگەیشتن و یەكترقبووڵكردن و كارپێكەوەكردن بۆ پاشەڕۆژێكی ئارام و باشتر و لەم چوارچێوەیەشدا حكوومەتی ئەمەریكا ئامادەی پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەكە.
kdp-
