حكوومەت كار لەسەر نەهێشتنی فەرمانبەرانی بندیوار ده‌كات

حكوومەت كار لەسەر نەهێشتنی فەرمانبەرانی بندیوار ده‌كات
لە درێژەی چاكسازییەكانیدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، كار لەسەر نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار و دوو مووجە و زیاتر دەكات، بەرپرسێكی وەزارەتی داراییش دەڵێت، هەندێك كەس هەن دەتوانن دوو مووچە زیاتریش وەرگرن.

پەریخان نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا 840 هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان كردووە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 هەزار فەرمانبەر زیاتر نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی، دەشڵێت: "ڕاستە ئێستاش دوو مووچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید مووچەی خۆی هەیە و هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانیی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفال، كە هەیە 3 كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە مووچەی خۆی و دوو مووچەی دیكەش وەربگرێت".

بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و 500 هەزار كەس وەك فەرمانبەر مووچەیان لە حكوومەت وەرگرتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا 840 هەزار كەس سیستەمی بایۆمەترییان كردووە و دەركەوتووە تەنیا یەك مووچە وەردەگرن.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: "دوای پێداچوونەوە بە میلاكی فەرمانبەران، پڕۆژەیاسایەك لای ئێمەیە و كارمان لەسەری كردووە و تەواو بووە، بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی".

عادل دەشڵێت: "پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە، ئەوانەی كە مووچەی مانگانە لە حكوومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن، یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێ".

لە سەرەتای دروستبوونی حكوومەت، لەلایەن حزبەكانەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر خەڵك وەك فەرمانبەر دامەزراون و مووچەیان پێ دەدرێت، بەڵام دەوام ناكەن و بگرە كەسانێك هەن لە كوردستان ناژین و لە دەرەوەی وڵاتن، بەڵام كابینەی نوێی حكوومەت هەموو ئەو ناوانە دەسڕێتەوە.

kdp-
Top