حکوومەت بڕیارێکی نوێ لەبارەی فەرمانبەران دەدات
پەریخان نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "هەرچەندە تا ئێستا 840 هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان كردووە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 هەزار فەرمانبەر زیاتر نییە".
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتووە: "ڕاستە ئێستاش دوو مووچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید مووچەی خۆی هەیە و هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانیی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفال، كە هەیە 3 كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە مووچەی خۆی و دوو مووچەی دیكەش وەربگرێت".
بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی، ملیۆنێك و 500 هەزار كەس وەك فەرمانبەر مووچەیان لە حكوومەت وەرگرتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا 840 هەزار كەس سیستەمی بایۆمەترییان كردووە و دەركەوتووە تەنیا یەك مووچە وەردەگرن.
هەر لەمبارەیەوە جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: "دوای پێداچوونەوە بە میلاكی فەرمانبەران، پڕۆژەیاسایەك لای ئێمەیە و كارمان لەسەری كردووە و تەواو بووە، بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی".
ڕاشیگەیاندووە: "پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە، ئەوانەی كە مووچەی مانگانە لە حكوومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن، یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێ".
باسنيوز
