سوپای رووسیا بەرامبەر هێزێکی کوردی جێگیر دەکرێ
چەند یەکەیەکی سوپای رووسیا لە نزیک سنوری عێراق بەرامبەر هێزێکی کوردی جێگیر دەبن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 18-8-2019 بڵاوی کردووەتەوە، چەند یەکەیەکی سوپای رووسیا لە شاری دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرەو شارۆچکەی جەلا جوڵەیان پێ کراوە.
ئەو هێزەی سوپای رووسیا لە بەرامبەر شاری هەجین جێگیر دەبن، کە ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)یە.
شارۆچکەی جەلا دەکەوێتە نزیک شاری ئەلبوکەمال لە سووریا، کە چەند کیلۆمەترێکی کەم دوورە لە سنووری عێراق.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
رووسیا لەمانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بە ناردنی هێزی سەربازی و چەک و تەقەمەنی پشتگیریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و بەرگریی لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
باسنیوز
