دوو گۆڕی بە کۆمەڵی دیکەی ئەنفالکراوان لە سەماوە هەڵدەدرێنەوە

 دوو گۆڕی بە کۆمەڵی دیکەی ئەنفالکراوان لە سەماوە هەڵدەدرێنەوە


دوو گۆڕی بە کۆمەڵی دیکەی ئەنفالکراوانی کورد لە شاری سەماوە لە باشووری عێراق، هەڵدەدرێنەوە.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاندووە، شوێنی دوو گۆڕە بە کۆمەڵە نوێیەکە دەست نیشان کراوە و بڕیارە لە مانگی داهاتوو (مانگی 9ـی 2019) هەڵبدرێنەوە.

هەروەک سیروان جەلال، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی داوە، رایگەیاندووە، دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە ھی ئەنفالکراوانی کوردە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی عێراق، بەڵام ”تا پڕۆسەی هەڵدانەوە دەست پێ نەکرێت، ناتوانین بڵێین ھی خەڵکی کام ناوچەن“.

لە دوو مانگی رابردوودا، دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوە لەپارێزگای موسەننا دۆزرانەوە، کە روفاتی 171 ئەنفالکراوی کوردیان تێدا بوو.

حزبی بەعس، کە لە ساڵی 1968ـەوە تا 2003 حوکمی عێراقی کرد، گەلی کوردستانی لە هەموو مافە نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەکانی بێ بەش کرد و دەیان تاوانی گەورەی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە دیارترینیان بریتی بوون لە؛

- ئەنفالکردنی 182 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی.

- ئەنفالکردنی زیاتر لە هەشت هەزار گەنج و پیاوی بارزانی.

- کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بالیسان، شێخوەسانان، گەرمیان و بادینان.

- سووتاندن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان.










باسنیوز
Top