لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 125 هەزار کەس چوونەتە ئێران و تورکیا

لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 125 هەزار کەس چوونەتە ئێران و تورکیا
لە رێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئێران و تورکیا، بۆ جەژنی قوربان و لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 125 هەزار هاونیشتمانی گەشتیانکردووە کە زۆربەیان بەرەو تورکیا رۆشتوون.

لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە، 22 هەزار و 308 کەس، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە 23 هەزار کەس و، لەدەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە هەزار و87 هاونیشتمانی گەشتیان بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

هەروەها لەو ماوەیەدا 80 هەزار هاونیشتمانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە گەشتیانکردووە بۆ تورکیا.

لیوا مەریوان شێخ کەمال، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، راگەیاند؛ ئەوانەی وەک گەشتیار روویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، لەسەتا هەشتایان گەنج بوون و ، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵ بووە.

سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ گەشتکردنی هاونیشتمانیان لە سنوورەکەوە، لیوا مەریوان شێخ کەمال گوتی: "بەشێکی ئەوانەی گەشتیان کردووە کێشەیان لە ڤیزەدا هەبووە، لەبەشی پەیوەندییەکانمان ئەوەمان بۆ چارەسەرکردوون بۆ ئەوەی گەشتەکەیان هەڵنەوەشێتەوە".

ساڵانە لە بۆنە و جەژنەکاندا، هاونیشتمانیان بۆ گەشت و کات بەسەربردن، سەردانی دەرەوەی باشووری کوردستان دەکەن، لەو وڵاتانەش ئێران و توورکیان کە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیاری باشووری کوردستانیان بۆدەچن.

rudw-
Top